کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

میدیا و بینەر، هاوكێشەی پێچەوانە

.

05:23 PM - 21/06/2021

میدیا و بینەر، هاوكێشەی پێچەوانە


ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

یەكەم یاری نێوان دانیمارك و فیللەندا لە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2020، یاریزانێكی دانیماركی "كریستن ئیركسن" بە جەڵتەی دڵ كەوتە سەر زەوی یاریگاكە و بۆ ماوەیەك یارییەكە راگیرا، لە رووداوێكی ئاوا ترسناكدا كە هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردە بۆ یاریزانەكە دەگریان، كەناڵی  BBCی بەریتانی یەك وێنەی حاڵەتەكەی بڵاوكردەوە، ئەم وێنەیە دەستاودەستی كرد و گوازرایەوە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بووە جێگای قسە لەسەركردن، ئەم كەناڵە بڵاوبوونەوەی وێنەكەی خۆی بەتاوانێكی میدیایی زانی و رۆژێك دوای رووداوەكە، پۆزشی هێنایەوە و داوای لێبووردنی لەتەواوی بینەرەكانی كرد كە وێنەیەكیان بڵاوكردۆتەوە، نەدەبوو هەڵەیەكی لەم جۆرە بەسەریاندا تێپەڕ ببێت.

(پۆزش هێنانەوە و داوای لێبووردن) وەك چەمك، بە گشتی بە لای هاوڵاتی خۆرهەڵاتییەوە نەنگی و كەموكورتییە كە لەئاست هەڵەكانیاندا پیشانی بدەن، بەڵام ئەم نەریتە لەلای خۆرئاواییەكان ئاساییترە و نەك پێیان عەیبە و كەموكورتی نیە، بەڵكو جێگای شانازیشیانە و وەك كارێكی ئەخلاقی و مۆراڵی لێی دەڕوانن.
پۆزش هێنانەوە یان داوای لێبووردن لەناو میدیا خۆرهەڵاتی و خۆرئاواییەكاندا جیاوازی هەیە، ئەگەر بڕوانینە ساڵی 2014 و سەرەتای دەركەوتنی داعش و ئەو قەتڵ و عامەی لە شەڕی نێوان داعش و سوپای عیراق و پێشمەرگەدا ڕوویدا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و زۆرێكی سایت و هەندێك تیڤیش درێغیان نەكرد لە بڵاوكردنەوەی وێنەی كوژراوەكانی داعش، میدیاكان ئەم دۆخەیان وەك دەستكەوت و سەركەوتن دەگواستەوە نەك پۆزش هێنانەوە بۆ كارێكی هەڵەی میدیایی لەو شێوەیە كە لێكەوتەی خراپی دەبێت بۆ هاوڵاتیان، لەكاتێكدا دەبینین میدیای بیانی بڵاوكردنەوەی وێنەی یاریزانێك لەكاتی كەوتنیدا لەنێو یاریگا بە كارێكی نا میدیایی دەزانێت و پۆزش بۆ بینەرەكانی خۆی دێنێتەوە و پێیشی عەیبە و كەموكورتی نییە.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و بەتایبەت فەیسبووكدا، سیستمێكی هاوسەنگ هەیە، هەندێك وێنە و پۆست كە لێكەوتەی خراپی هەبێت، فەیسبووك رێگە بەبڵاوكردنەوەی نادات بۆئەوەی نەبێتە هۆی بڵاوكردنەوەی توندوتیژی و بیری شەڕەنگێزی و كاریگەری نەرێنی نەبێت، تەنانەت فەیسبووك وێنەیەكی داناوە، هەر بەكارهێنەرێك ئەو وێنەیە بكاتە پرۆفایل ئەوا فەیسبوكەكەی دەسووتێنێت، كەچی لە میدیای كوردیدا هیچ سانسۆرێك نییە رەچاو بكرێت بۆ تێكنەدانی لایەنی دەروونی بینەر و وەرگری كوردی.

رۆژانە لە میدیا و دەزگا كوردییەكانەوە، وەك كارێكی مەبەستداری لێهاتووە كە هەواڵە ناخۆشەكان بەگوێی بینەردا بدرێت و كەسیش داوای لێبووردن لەبینەر نەكات، میدیاكان نەك داوای لێبووردن لە بینەر ناكەن و خۆیان بە بەشێك لە قەیرانی تۆرانی بینەر نازانن لە میدیا، تەنانەت ئێستا دەبێت بینەر داوای لێبووردن بكات لەوەی سەیری میدیای كوردی ناكات و بەلایەوە گرنگ نییە لە كوردستاندا و لەناو هەواڵەكانی میدیای كوردیدا چی دەگوزەرێت ؟

ئێستا پۆزش هێنانەوە و داوای لێبووردنكردن لەنێوان میدیای خۆرئاوا و خۆرهەڵاتدا هاوكێشەیەكی پێچەوانەیە، میدیای ئەوروپی و خۆرئاوایی داوای لێبووردن لە بینەر بە ئەركی خۆی دەزانێت لەپای هەر كەموكورتی و كارێكی هەڵە ئەگەر بەسەریاندا تێپەڕ بووبێت و بووبێتە مایەی نەنگی بۆ خۆیان و كارەكەیان، بەڵام لە خۆرهەڵات بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی میدیاكان سەرەڕای ئەو هەموو هەڵەیەی دەیكەن هێشتا ئامادە نین پۆزش بۆ بینەر و وەرگر بهێننەوە و پێ لە هەڵەكەی خۆیان بنێن، بەپێچەوانەوە ئەوە بینەرە داوای لێبوردن لە میدیا دەكات بەو هۆیەی ئامادە نییە سەیری میدیا كوردییەكان بكات و كاتی خۆی بە دیار میدیای كوردییەوە بەسەر بەرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە