کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

شێرپەنجەی گەندەڵی با نەگاتە هیوا

.

05:22 PM - 19/06/2021

سەردەشت محمد

  نەخۆشخانەی هیوا وەک یەکێک لەونەخۆشخانانەی کە لە کوردستاندا  تایبەتە کراوە بۆ چارەسەرکردنی توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە، ئەم نەخۆشخانەیە لەساڵی ٢٠٠٧ دا لەشاری سلێمانی دروستکراوە و نەخۆشخانەیەکی ١٢٠ تەختی تایبەتەو  لەڕیزی پێشەوەی هەموو ئەو نەخۆشخانانەیە کە لەڕووی زانستییەوە  لەهەموو عێراقدا توانیویەتی چارەسەر پێشکەش بەهەموو  ئەوکەسانە بکات کە ڕوو لەو نەخۆشخانەیە دەکەن، ڕۆژانە بەسەدان کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست ڕوو لەهیوا دەکەن، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێکە نەمان و کەم بونەوەی دەرمانی پێویست لەو نەخۆشخانەیەدا  ژیانی دەیان کەسی خستۆتە مەترسییەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی  کە حکومەت بەبیانوی قەیرانی داراییەوە  پارەی پێویست بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان خەرج ناکات و کۆمپانیاکانیش هیچ جۆرە دەرمانێک بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دابین ناکەن، ڕەنگە قەیرانی دارایی تەنها بیانوییەک بێت بۆئەوەی  حکومەت بییەوێت  ئەم نەخۆشخانەیەش هاوشێوەی  زۆرێک لەنەخۆشخانە و قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگا و شوێنە گشتییەکانی دیکە لەکوردستاندا  بسپێرێت بە کەرتی تایبەت، کە دواجار ئەوەی زیانی بەردەکەوێت بەتەنها  ئەو چینە هەژارەیە کەسەرچاوەی دابینکردنی بژێوی ژیانیان ڕەنگە موچەیەک یاخود ئەو داهاتەیە کە ڕۆژانە لەڕێگەی کارکردنەوە  دەستیان دەکەوێت،  کەئەوەش بەهۆی بێباکی حکومەت لەدواخستن و پێنەدانی موچەکانیان و هەروەها لێبڕینی بەشێک لەو موچەیە بەناوی پاشەکەوت و هەروەها نەمان و کەم بونەوەی هەلی کار لەبازاڕدا بەشێک لەم خێزانانە لە قەیرانێکی قوڵی ئابوریدا ژیان دەگوزەرێنن، بۆیە لێرەدا حکومەت لەبری هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، خودی خۆی دەبێت بە گرفت و  بار بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە و  ناتوانێت  ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکات کە لەدونیادا حکومەتەکانی دونیا لەپێناویدا دامەزراون، ئەگەر بەوردی لەئەرک و کارەکانی حکومەت بکۆڵینەوە ئەوا دەزانین کە ئەرکی سەرەکی حکومەت پارێزگری کردنە لەبەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگا و هەروەها گەشەپێدانی ئابوری و زیادکردنی بەرهەم و  دابینکردنی هەلی کارو دابینکردنی ژیانی شایستەیە بۆ سەرجەم چین و توێژەکان و هەروەها دەستەبەرکردنی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە نێوان کۆی تاکەکانی کۆمەڵگادا، بەڵام دەتوانین بڵێین لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی جەنگ دژی چەکدارانی داعش حکومەتی هەرێم  تواناکانی خۆی لەدەست داوە و ئێستا ناتوانێت وەک حکومەتی ڕاستەقینە ئەرکەکانی خۆی جێبەجی بکات، کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانێ نێوخۆیەی کە لەناوخۆی کوردستاندا بونی هەیە و هەروەها هێشتنەوە و چارەسەرنەکردنی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وایی کردووە  حکومەت تاڕادەیەکی زۆر  لای دانیشتوانی  هەرێم متمانەی خۆی لەدەستبدات و  ئێستا خەڵکی وەک کۆمپانیایەکی بازرگانی لەحکومەت دەڕوانن کە هەموو هەوڵێکی بۆ بەدەست هێنانی قازانجی خۆی و ڕوتاندنەوەی باخەڵی هاوڵاتیانە  نەک حکومەتێک کە پێویست بکات خزمەتکار و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیەکانی بێت

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە