کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وزەی خاوێن مەترسی لەسەر وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت دروستكردووە

.

07:10 PM - 11/06/2021

زیادبوونی بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن لەسەر ئاستی جیهان، مەترسی لەسەر كەمبوونەوەی داهاتی ئەو وڵاتانە دروستكردوە، كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەداهاتی نەوت دەبەستن، عیراق‌و سێ‌ وڵاتی تری جیهانیش لەنێو بازنەی سووری ئەو مەترسیەدان .
كۆمپانیای ریستاد ئینێرجی بۆ توێژینەوەی بواری وزە لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردوە: گرنگیدان بەپاراستنی ژینگەو فشارەكانی پەیوەست بە قەتیسبوونی پلەی گەمی زەوی، هۆكارن بۆ ئەوەی وڵاتانی جیهان دەستبەرداری نەوت ‌و خەڵوز ببن ‌و پەنا بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن بەرن، ئەوەش گوزێكی توند لە داهاتی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و غاز دەدات.
وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە: هەریەك لە عیراق و كوەیت و لیبیاو جەزائیر، بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت‌و وەرگرتنی باجی ئەو كەرتە دەبەستن، بەشێوەیەك لەساڵی 2019دا كۆی بەرهەمی ناوخۆیی سەرجەمیان بەرێژەی 40% لە باجی سەر پیشەسازی گەڕان‌و بەرهەمهێنانی نەوتەوە دابینكردووە، بۆیە گۆڕینی سەرچاوەكانی وزە زۆرترین مەترسی لەسەر داهاتی ئەو وڵاتانە دروست دەكات.
كۆمپانیای ریستاد ئینێرجی باسی لەوەشكردوە: داهاتی باجی كەرتی نەوت ‌و غازی حكومەتەكانی جیهان لەساڵی 2020دا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە‌و دابەزینی نرخی نەوتەوە، بۆ 560 ملیار دۆلار دابەزیووە، هەروەك پێشبینی دەكرێت ساڵی 2021 دوا ساڵ بێت كە تیایدا باج لەسەر كەرتی نەوت و غاز بگاتە ئاستی یەك ترلیۆن دۆلار‌و بەدیاریكراوی 975 ملیار دۆلار بێت،  چونكە لەساڵی 2022وە ئەو داهاتە بۆ 800 ملیار دۆلار كەم دەبێتەوە‌و لەساڵی 2040یشدا دەبێتە 580 ملیار دۆلار‌و تاوەكو ساڵی 2050 داهاتی باجی كەرتی نەوت‌و غاز تەنها 350 ملیار دۆلار دەبێت.
راپۆرتەكە بەڕاشكاوی باسی لەوەشكردووە: جگە لە هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، هیچ بژاردەیەك لەبەردەم ئەو وڵاتانەدا نامێنێت، كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشتیان بە داهاتی نەوت بەستووە، كە ئەویش پێویستی بە كاراكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت‌و ئەنجامدانی چاكسازی‌و سەروەری یاسا هەیە. كۆمپانیای ریستاد ئینێرجی پێشبینی ئەوەشیكردووە: بەهاتنی ساڵی 2050 خواستی جیهانی لەسەر بەكارهێنانی نەوت بۆ 35 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دابەزێت، یاخود 70% كەمتربێت لەو ئاستەی خواست لەسەر نەوت لە لوتكەدا بووە، بەو مەرجەی جیهانیش بتوانێت تاوەكو ئەو كاتە، جیهان بتوانێت سنوورێك بۆ گەرمبوونی بەرگە هەوای زەوی دابنێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە