کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە دەروازەكانی هەرێم رسوماتێكی نوێ لە بازرگانان وەردەگیرێت

.

05:16 PM - 10/06/2021

حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم دەروازە سنووریی‌و فڕۆكەخانەكان ئاگادار دەكاتەوە، كە باج‌و ڕەسمی خزمەتگوزاری دەرهێنەری گومرگی وەربگرن، كە بڕەكەی بۆ هەر مامەڵەیەك لەنێوان 3 بۆ 5 هەزار دینارە.
بەگوێرەی ئەو بڕیار ‌و نوسراوانەی دەست كەناڵی گەلی كوردستان كەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەكانی هەرێم لەسەر بڕیاری سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی دارایی‌و ئابووری، سەرجەم دەروازە سنوورییەكان‌و فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانی ئاگادار كردۆتەوە، لەرێكەوتی 1ی حوزەیرانی 2021وە باج‌و ڕەسمی خزمەتگوزاری دەرهێنەری گومرگی وەربگرن.
بەجۆرێك لە دەروازە نێودەوڵًەتییەكانی )ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، پەروێزخان، حاجی ئۆمەران، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر‌و سلێمانی(، بڕی 5 هەزار دینار وەربگیرێت بۆ هەر مامەڵەیەك. بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتی‌و دەروازەكانی تری هەرێمی كوردستان بڕی 3 هەزار دینار وەربگیرێت بۆ هەر مامەڵەیەك.
بەگوێرەی ئەو بڕیارانە، بڕی پارەی باج ‌و ڕەسمی خزمەتگوزاری دەرهێنەری گومرگی، لەكاتی پێدانی راگەیاندنی گومرگی بە نوسینگەكان وەردەگیرێت‌و پێویستە هەر دەرهێنەرێكی گومرگی، باجی شایستەی خۆی بداتە بەڕێوەبەرایەتییەكانی باج.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە