کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

چیرۆكی بێ سەرو شوێنكراوان لە عێراق

.

10:14 AM - 08/06/2021

بورهان شێخ رەئوف
ونكردن و بێ سەروشوێنكردنی خەڵك و كەسانی چالاكوان و ڕۆژنامەوانان تاوانێك لە كوشتن قورسترو قێزەونتر ،كاریگەرەیەكەشی خراپتر ،چونكە كوشتن كەسوكارەكەی دڵنیادەبن نەماوە ،بەلام ونكراو تارۆژگارێكی درێژ هەردەبێت لە چاوەڕوانیدا بن ،ئەنجامدەرانی پاڵەوانی گومناون و ناوێرن خۆیان ئاشكرا بكەن ،چونكە بەرنەفرەتی گەل دەكەون .
هەمووان لەو باوەڕدا بووین لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دكتاتۆری بەعس ،ئیتر توندوتیژی سیاسی كۆتایی بێت ،بەڵام بەداخەوە بە پێچەوانەوە فڕاندن و ئەشكەنجەدان وكوشتن و هەتك كردن و گەندەڵی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و لەلایەن هەندێك هێز ولایەنی سیاسی و میلیشیاوی یەوە پەیڕەو دەكرێت و هیچ تێناگەن لە مانای دیموكراسی و ئازادی و یەكسانی و سەروەربوونی یاسا بەڵكو دەستەمۆی بیرو باوەڕی كۆنەپەرستی و وڵاتانی دەرەكین .
ئەوەی مایەی شەرمەزاری و لە هەمانكاتیشدا زەنگێكی  مەترسیداری  گەورەیە بۆئایندەی  عێراق و عێراقیەكان ،ڕاپۆرتێكی كۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوورە كە دان بەوەدا دەنێت (( عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین حاڵەتەكانی شوێن بزربووانی تێدا تۆماردەكرێت لەسەر ئاستی جیهان ،كەژمارەی ونبووان بە 250 هەزار كەس تا 1ملیۆن كەس دەخەمڵێنێت )).
كە چاوێك بە ڕۆژنامەو ماڵپەڕە تایبەتەكان بە مافی مرۆڤ دەگێڕیت ،بەڕاستی سەرت سوڕدەمێنێت لە ئاست ئەو هەموو بێ ئابڕوویی و سووكایەتی و ئەشكەنجەدان و سەرانە سەندن و دەیان و سەدان چیرۆكی كارەساتبارت بەرچاو دەكەوێت لەلایەن تاقم و گروپە چەكدارەكانەو دەرهەق بە زیندانیان و فڕێنراوەكان و دواتر سەرانەو پارە وەرگرتن لە خێزان و كەس و كارەكانیان .
لەلایەكی ترەوە كۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق 75 حاڵەتی ونكردنی تۆمار كردووە لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانی تشرینەوە لە ساڵی 2019 ەوە ، هەندێكیان ئازادكران لە زیندان بەڵام 50 كەسیان تائێستا چارەنووسیان نادیارە .
هەر بە گوێرەی  كۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور عێراق  یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین حاڵەتی بێسەروشوێنكردنی تێدا تۆمار دەكرێت لە سەر ئاستی جیهان ،ئەم كۆمیتە نێودەوڵەتیە تایبەتە بەم كەیسە ،كەلەگەڵ حكومەتی عێراق بە هاوبەشی كاردەكەن بۆ دیاریكردنی چارەنووسی هەموو ئەو شوێن بزركراوانە ،كە ژمارەكەیان لە نێوان 250 هەزاركەس تاوەكو 1ملیۆن كەسە لە كاتی پێش ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە تا ئێستا .
كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لە نێوان ساڵەكانی 2015 و 2020 دا (8615 ) حاڵەتی شوێن بزربوونە تۆماركردووە 12هەزار ونبوو ،زیاتر لە 8000 لە نێوان ساڵەكانی 2015 و 2020 .
زۆربەی ئەوانە تاوانەكەیان ئەوە بوو كە چالاكوانی مەدەنی بوون یان ڕایەكی جیاوازییان هەبووە یان پۆستێكیان نووسیووە دژ بە میلیشیاكان .
گۆڕستانی بە كۆمەڵ یان گۆڕستانی ئاسایی
بە گوێرەی سەرچاوەكانی پزیشكی دادوەری لە بەغداد  فەرمانگەكەیان تەنها لە ساڵی 2020 دا ((491))تەرمی نەناسراویان بەخاك سپاردووە ،كەپێدەچێت تەرمی ئەو كەسانە بوون كەلە زیندانی میلیشیاكاندا كوژراون یان مردوون كە خەڵكی بەغداو نەجەف و كەربەلاوباشووری عێراق بوون ،بەبێ‌ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری مردنەكەیان بكرێت .
لە ماوەیەی دواییدا گۆڕستانێك لە خۆرئاوای عێراق لە پارێزگای ئەنبار دۆزرایەوە ،تەرمی چەند كەسێكی تێدابوو ،كە جل و بەرگ و ئێسكانی تێدابوو ،نیشانەی ئەوە بووكە قوربانیەكان خەڵكی سڤیلن ، لەسەر كەلەسەرەكانیان كون تێدابوو ،نیشانەی ئیعدام كردن بوو بەكۆمەڵ و گوللەباران كرابوون ، بەرپرسێكی ئاسایشی ناوچەكە بە ڕۆژنامەوانانی وتبوو ئەم شوێنە پێشتر بارەگای میلیشیاكان بووە .
قەربووكردنەوە
دەربارەی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شوێن بزركراوەكان لەلایەن دەوڵەتەوە بە بڕەپارەیەك ،ئەندامێكی كۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراقی بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە حكومەت هیچ زانیارییەكی وای لە بەردەستدا نیە كە بتوانێت گەڕان و لێكۆڵینەوە بكات بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ونبووەكان و سزادانی تاوانباران ،هەربۆیە حكومەت هەموو ئەوانە دیار نەماون تۆماریان دەكات ،چ ئەوانەی لە كاتی كردەوە تیرۆریستیەكاندا نەماون ، یان ئەوانەی كە كۆچیان كردووە و ئاوارەن ، بێ‌ ئەوەی هیچ لێكۆڵینەوەیەك لە تۆماریان یان شوێنەكانیان بكات ، ئیتر ئەگەر كوژرابێتن یان لە زیندان بن یان پەیوەندییان بە تاقمە تیرۆریستەكانەوە كردبێت .
لە كۆتاییدا كۆمیتەی نێودەوڵەتی چاودێری پابەندبوونی عێراق دەربارەی بەزۆر شوێن بزركراوەكان ، كە دەستەڵاتی وەرگرتنی سكاڵای كەسوكاری شوێن بزركراوەكانی هەیە ، داوای ڕوونكردنەوەی لە وەزارەتی دادی عێراق كردووە سەبارەت بەو كەیسانە ،بەڵام وەزارەتەكە هیچ وەڵامێكی نەداونەتەوە .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە