کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی لە بەغدا پێشوازیکرد لە باڵیۆزی چین لە عێراق

.

02:05 PM - 07/06/2021



بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا پێشوازیکرد لە چانگ تاو، باڵیۆزی چین لە عێراق

لەدیدارێکدا کە ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئامادەبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنی ھەرێمی کوردستان بۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.

بافڵ تاڵەبانی خواستی یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە لەمێژینەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت یەکێتی لەگەڵ چین لەرووی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و کەلتوری و وتی، دەمانەوێت ھاریکاری و ھەماھەنگییەکان سەرلەنوێ ببوژێنینەوە و ئەو پەیوەندییە دۆستانە مێژووییەی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ کۆماری چین بونیادینابوو درێژەی پێبدەین و ھاوکارمان بن لەپێشخستنی زیاتری ھەرێمەکەمان.

ھەر لەدیدارەکەدا وەفدی یەکێتی ئاماژەیان بەھەوڵەکانی پێشخستنی ژێرخانی ئابووری ھەرێم کرد و روونیانکردەوە، دەرفەتی باش رەخساوە بۆ وەبەرھێنان لە بوارەکانی وزە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی تاوەکو کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانی چین ھانبدرێن و بەشداربن لەپێشخستنی ئەو کەرتانە و بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان و ھەموو ھاوکاری و کارئاسانییەکشیان لەو ڕووەوە دەربڕی.

وەفدەکە سوپاسی ھاوکارییە بەردەوامەکانی چینیان بۆ ھەرێمی کوردستان کرد لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دواشیانکرد ئەو ھاوکارییە تەندروستییانە بەردەوام بێت.

لەبەرامبەریشدا باڵیۆزی چین لە عێراق تەئکیدی لە پشتیوانی ھەوڵەکانی یەکێتی کردەوە و وتی، ھاوکاری و ھەماھەنگییەکانمان بۆ ھەرێم و عێراق بەردەوام دەبن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە