کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

شەڕی بڕینەوەی داربەڕوو

.

02:27 PM - 03/06/2021

شەڕی بڕینەوەی داربەڕوو

نەرمین عوسمان

بەداخەوە، وا دیارە توركیا سڵ ناكاتەوە لە پیادەكردنی هەر جۆرە شێوازێكی نامرۆڤانەی شەڕ دژ بە كورد، كە دوایین شەڕ؛ شەڕی بڕینەوەی دارەكانی كوردستانە. زۆرینەی ئەو دارانەی كە دەیبڕنەوە، داربەڕوون، كە رۆژانە نزیكەی (500) تەن دار دەبڕنەوە.

بە بڕینەوەی داربەڕوو؛ بەیەك تیر چەند نێچیرێك دەكوژێ، چونكە توركیا بایەخی دابەڕوو لە خۆمان باشتر دەزانێ و گوێش نادات بە هیچ جۆرە بەها و یاسایەكی نێودەوڵەتی و بە بەرچاوی جیهانەوە ئەو جۆرە تاوانانە دژ بە كورد و سروشتی ناوچەكە دەكات.

بڕینەوەی دار، تەنها دژی ژینگە و سروشتی كوردستان نییە، بەڵكو دژ بە هەموو بەها مرۆڤایەتییەكانە.

كوردستانی گەورە، لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لە بوونی جۆرەكانی رووەكدا یەكەمە، كە زیاتر لە (15) هەزار جۆر رووەكی هەیە، لە هەمووشیان گرنگتر؛ بەڕووە.

دەتوانین بڵێین بەڕوو باوانی رووەكەكانە و رۆڵی سەرەكی دەبینێ لە دابینكردنی سیستمێكی گونجاوی ژینگەیی، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

1. رووەكێكی بنچینەیی و سەرەكیی پاراستنی سیستمی ژینگەیە لە شاخی زاگرۆس.

2. زیاتر لە نۆ جۆر بەر دەدات، كە ئەم بەرانە رۆڵی سەرەكییان هەیە لە دابینكردنی خۆراك بۆ زیندەوەری جۆراوجۆر. لە هەمانكاتیشدا ماڵێكی ئارام و هێلانەیەكی گونجاوە بۆ زیندەوەری جۆراوجۆری ناوچەكە.

3. بەكار دەهێنرێت بۆ چەندین جۆر پێداویستیی مرۆیی، لەوانە: دروستكردنی خانوو، دەفر، كەلوپەلی ناوماڵ و پێداویستی رۆژانەی مرۆڤ، خۆراك و گەرمكردنەوە… تاد.

4. لە رووی مێژووییەوە، بەڕوو خۆراكێكی سەرەكیی كورد بووە.

5. رۆڵێكی سەرەكیی دەبینێ لە پاراستنی داڕمان و هەرەسی شاخەكان، چونكە لە هەندێ كاتدا رەگی زیاتر لە 20م رۆدەچێتە ناو زەوییەوە.

6. سیستمێكی داینەمیكیی بەهێزی هەیە، خوێندنەوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییە ژینگەییە خێراكان زۆر زیاترە لە هەموو رووەكەكانی تری ناوچەكە.

7. لە سەرجەم شۆڕشە جیاوازەكانی كورددا، بەڕوو پشت و پەنای كورد بووە و هۆكارێك بووە بۆ هێشتنەوەی نەتەوەی كورد و رۆڵی سەرەكیی هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاسایشی خۆراك و كۆمەڵایەتیی كورد، چونكە كورد بۆ دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی سوودی لە بەڕوو بینیوە.

8. بۆ پێشمەرگە و گەریلا، بەردەوام وەك پەناگە و چەتری سەریان بووە.

9. هۆیەكە بۆ دەستەبەركردنی نشینگەی ژینگەیی گونجاو بۆ زیندەوەرانی تر.

10. هۆكارێكی سەرەكییە بۆ بووژاندنەوەی كەرتی گەشتوگوزاریی لە ناوچەكەدا.

11. لە قەدپاڵی شاخەكان، دارستانی بەڕوو، خاكی بەردەڵان لەسەر بەردی (لایمستۆن) و گڕكانەكان بە بەرزیی جیاواز كە لەنێوان (600م – 2200م) دەڕوێن.

ئەمانە و دەیان سوودی تر، لە لایەكی تریشەوە، بەڕوو وەك هێمای سروشتی كوردستان وایە و توركیا بەمەبەست دەیەوێت ئەو هێمایە لەناوببات.

سەرەڕای ئەم هەموو گرنگییە، كەچی كاردانەوە فەرمی و نافەرمی و ناوخۆیی و جیهانییەكان لاوازن و بڕینەوەی دارەكانیش بەردەوامیی هەیە. لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە؛ ئایا توركیا لە وڵاتەكەی خۆیدا دەهێڵێ بەبێ یاسا، دار ببڕدرێتەوە؟ ئەی بۆ لە كوردستانی باشوور و رۆژئاوا بە ئارەزووی خۆی دار دەبڕێتەوە و زەوی كشتوكاڵیی وشك دەكات و باخە زیندووەكان دەبڕێتەوە و رێڕەوی ئاو دەگۆڕێ و رێژەی كەم دەكاتەوە. بۆ كەسێك نایەتەگۆ!؟ ئتیر بەس نییە قبووڵكردنی ئەم هەموو پێشێلكارییە!؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە