کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

حزبی بیست هەزار شەهید

.

11:14 AM - 30/05/2021

كاروان یاروەیس
یادی چل و شەش ساڵەی یەكێیتی زۆری نەماوە, لەچوار دەییە و نیوی تەمەنیدا یەكێتی دەبێ‌ لە زۆر كاییە و بواردا حساباتی خۆی بكات, بۆ ئەوەی خۆی بۆ قۆناغی نوێ‌ خەبات سازبدات  و بەگوزارشتە تەقلیدییەكەی بێ‌ ئاوردانەوە لە رابوردوو, لێكدانەوەی سەركەوتن و شكستەكان، خاڵە گەشەكان و كەموركورییەكان ناتوانین بەرنامەریژییەكی دروست بۆ ئایندە بكەین, بەتایبەتی بۆ هێزێكی گەورەی وەكو یەكێتی، كە خاوەنی رابوردو و مێژوویەكی فراوانی درەوشاوەیە، كە بۆ خۆی گەنجینەیەكی گەورەی ئەزموونە، دەتوانێ‌ بۆ خۆسازدانی بۆ داهاتوو كەڵكی زۆری لێ‌ ببینێ‌، یەكێتی رابوردوی پڕ لەسەروەری و ئەزموونە، ئێستایشی پڕ لە وزە و توانا و دڵسۆزییە،
داهاتووشی پڕ لە ئەركی چارەنووسازو قورسە.
لەیادی چل و شەش ساڵەی تەمەنیدا، دەرفەتە لایەنی سەروەری یەكێتی بخەینەروو، شەهیدەكان و كەسوكاریان درەوشاوەترین لاپەرەی مێژووی یەكێتین و بەبەھاترین سەرمای مەعنەوی ئەم هێزەن، ژمارەی شەهیدەكانی هێندە زۆرن، كەم هێزی سیاسی لە دنیادا هەیە، خاوەنی  ئەم سەروەریی و سەرماییە مەعنەوییە بن، 20 هەزار شەهید لە ماوەی چل ساڵ و شەش ساڵەی خەباتدا, كە بۆ هەر ساڵێك 500 شەهید و بۆ هەر مانگێك 41 شەهید و بۆ هەر رۆژێك لەتەمەنیدا یەكێتی زیاتر لەشەهیدێكی بەخشیوە، واتا لە رۆژمێژی ئەم هێزەدا رۆژێك نیە  جوامێرێكی خۆی نەبەخشیبێت, وەك چۆن ئێستا و داهاتووش رۆژێك نابێ‌ یەكێتی شەهید نەبەخشێ بۆ پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان.
 راستە خەوتن لەسەر خەرمانی سەروەرییەكان و گوڵی سەركەوتن, لە كاروانی خەبات دوامان دەخات، بەڵام سەروەریی و سەركەوتنەكان خۆ دەبێ‌ هەوێنی گەورەی یەكێتی  و وزەی گەورەی بەردەوامبوونی خەبات بن, وەك چۆن دەبێ‌ لەسەر پەیمانمان بە شەهیدەكان و كەسوكاریان سووربین و بەردەوام بین لەسەر رێبازەكەیان و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی ئەوان لەپێناویدا گیانی خۆیان بەخشین.
20 هەزار شەهید، 20 هەزار كوڕو كچی و خێزان شەهید, 20 هەزار كیڵی گۆڕی شەهیدان، پەرژینی بەهێزی پاراستنی یەكیتین، شەهیدەكان سەرماییەی گەورەی مەعنەوی و سەروەری و شانازی گەورەن, بەڵام كوڕ و كچ و كەسوكارەكانیشیان سەرماییەی مرۆیی گەورەن بۆ ئێستا و داهاتووی ئەم حزبەن، هێزێك 20 هەزار كیڵی بەرزی گۆڕی شەهیدی هەبێ‌ دیارنیە، جگە لە شەهیدانی كیمیاباران و ئەنفال، دەبێ‌ هێزی ئێستا و ئایندە بێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە