کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە یادی دامەزراندنی "یەكێتی"دا..

.

05:09 PM - 29/05/2021

ئارام حسێن

گومانی تێدا نییە، لە یادی دامەزراندنی "یەكێتی"دا، چ لە تەلەفزیۆنەكانەوە بێت، بەتایبەتی تەلەفزیۆنەكانی سەر بە"یەكێتی"و راگەیاندنی "یەكێتی" بەگشتی، باس لە دروستبوون و پێویستبوون و گرنگی و رۆڵی "یەكێتی" دەكرێ..
جوانترین خزمەت بە "یەكێتی" بەتایبەتی لەم قۆناغەدا ئەوەیە، بتوانین تێبینیی و رەخنە عەقڵانییەكانی خۆمان نەشارینەوە، با ئیتر واز لەوە بێنین بەشان و ملیدا هەڵبدەین، چونکە "یەکێتی" لەوە دەرچووە پیایدا ھەڵبدرێ و بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر تەمەنی، بڕێکی زۆرتر ئۆکسجین بۆ سییەکانی دەگەڕێنرێتەوە، پێگە جەماوەرییەكەی ئەم حزبە لەوە بێزار بوون پیایدا هەڵبدرێ، ئەوەندەی پێویستی بەوەیە بەرچاوی روونبكرێتەوە نیوهێندە پێویستی بەوە نییە بەروارەكان ریز بكرێن و ساڵی جارێك هەمان قەوان لێبدرێتەوە!
پێویستە ئەو حەقیقەتە سیاسیی و رێكخراوەییەی "یەكێتی" باس بكەین، ئەو نەریتەی كە "یەكێتی" لەكاتی دروستبوونیەوە هێناویەتی و تا ئێستا شانازی پێوە دەكات ئەوە بووە كە هێڵی رەخنەی بەڕاوەستاوی هێشتۆتەوە و وەكو مافێكی سەرەتایی لێیڕوانیوە كە دەبێت هەموو ئەندامێكی لەو مافە بێبەشنەبن، چۆن كار بكەین بۆ ئەوەی ئەو بەریناییە بەرینتربێ؟
چی بكرێت بۆ ئەوەی نەھێڵدرێت ھەندێ مشەخۆر هەر لە مەكتەبی سیاسیی و سەركردایەتییەكەیەوە تا ئەوانەی تەمسیلی "یەكێتی" دەكەن، نەھێڵدرێت ئەو بەرینایی رەخنە و تێبینیانە بە قەد درێژیی و پانایی جامانەیەك لێبكەن..!؟
دڵسۆزترین ئەندامی "یەكێتی" ئەو ئەندامەیە چۆن بتوانێت رەخنەو تێبینییە عەقڵانی و دروستكەرەكانی خۆی بنووسێتەوە و لە یادە جیاجیاكانی "یەكێتی"دا، پێشكەشیان بكات، من بۆ خۆم بە چەند وتارێك و لەم پێگە كۆمەڵایەتییەوە بەشداری دەكەم لە تۆختركردنەوەی رەخنەو تێبینییەكانم لەسەر "یەكێتی"
با یادی دامەزراندنی ئەمساڵی، بكرێتە دەرفەتێكی ئاڵتوونی بۆ ئەوەی هێڵی تەكەتولە ژەهراوییەكان و ماستاوچییەكان و چاو زەقكردنەوە بۆ پلەوپایە.. وەكو لویەكی سەرەتانی لە هەناوی "یەكێتی"دا، ببڕدرێ. ئومێد دەكەم ئەم قۆناغەو ئەم یادە باشترین دەرفەت و كات بێت بۆ بڕینی ئەو لووە سەرەتانیانە بە تەواوی.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە