کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان وەک جیهانی گریمانەیی...

.

09:02 PM - 18/05/2021

دانا بەھادین

 تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، جیهانێکی تری بۆ مرۆڤ دروستکرد، لە دەرەوەی جیهانی سەر گۆی زەوی، بەڵام سەر لە نوێ ئەم جیهانەش بەدبەختی بۆ دروست کردین لە بری بە ختەوەری، لە کاتێکدا بە ملیۆنەها مرۆڤ لە دەست مەینەتییەکانی  سەر زەوی هەڵهاتین و خۆمان خزاندە ناو تۆڕەکۆمەلایەتیە تەکنەڵۆژییەکان ، کەچی زۆر بە داخ و کەسەرەوە دووچاری بەدبەختی کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بوینەوە.

 پێش ئەوەی بکەومە ناو ووردەکارییەکانی ئەم نوسینەوە، ئەمەوێت ڕوون و ئاشکرا ئەوە بخەمە ڕوو ئەم بابەتە هێندەی تیشکەکانی خۆی چڕ دەکاتەوە لەسەر گیرۆدەبوونی هەموان بە دەست سۆشیاڵ میدیاوە هێندەش خۆی بە دوور دەگرێت لە تانەو تەشەری شەخسی لە هەر چالاکوانێکی ئەم جیهانە گریمانەییە کە هاوڕێمانن هاوکات  زۆریش لەیەک دوورین.

نازانین ئاخۆ سۆشیاڵ میدیا  کاریگەری لەسەر ئەم نەوەیە چی دەبێت ؟ کە پێش ئاشنابوون بە شاشەکانی سۆشیاڵ میدیا  ئاشنا نەبووە بە بنیاتنانی پەیوەندی کۆمەڵایەتیی و هاوڕێتی و خۆشەویستی، لەوانەیە بە شێوەیەک پەروەردە بێت  لەو بڕوایەدابێت بەدەستهێنانی هاوڕێیەتی زۆر ئاسانە، بە دەستنان بە دوگمه یەکدا مەیسەر دەبێت، بە هەمان شێوە کۆتایی پێهێنانیشی هەر زۆر ئاسانە لە ڕێگای پەنجەنان بە دوگمەیەکی تردا‌ لەو بڕوایەدا بێت کە لوتکەی پەیوەندییەکانی مرۆڤ ئەوەیە، کە 50 کۆمێنت لەسەر وێنەیەکی فیس بووک و ئەنستاگرام ئاڵوگۆڕبکەن، لە کاتێکدا لە ماڵەوە تاک و تەنیایە.لەو بڕوایەدایە کە کارلێککردنەکانی ژیان و ڕووداوەکانی بە پەنجەنان بە دووگمەی  لایک دا، یان چاوخشاندنەوە بە دیواری پەیجەکاندا دەبێت. کچێک وێنەی گەشتێکی خۆی  دادەنێت، لایک... یەکیک لە خۆشەویستەکەی جیابۆتەوە، لایک... یەکێک هێرش دەکاتە سەر زۆردارێک یان ستایشی دەکات، لایک... یەکێک ڤیدیۆی کوشتار و وێرانکاری بڵاودەکاتەوە، لایک.

دەکرێت وێنای ئەوە بکەین کە دەستمان بۆ دووگمەی لایک برد، واتا هێمای سەر ڕاوەشاندنە بۆ بەڵێ، بەمەش بۆمان دەردەکەوێت  کۆمەڵگایەکی مێگەل بنیات دەنێین کە وەک ژمارە مامەڵە لەگەڵ قورسای یەکتر دەکەین. لە هەمانکاتدا لافی ئەوە لێدەدەین زیاتر لە هەردەمێکی مێژوویی پێکەوە بەستراوین؍  بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەمووکات زیاتر گۆشەگیرین و ئالودەی بەردەمی شاشە و مۆبایل و کیبۆردین تا ئەو ئاستەی لایک و کۆمێنت و وێنە و پوستە جۆراوجۆرەکان جێگای بە گەرم و گوری زمان و قسەکردنی زیندوو چۆڵ کردووە.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆی تەکنیکێکە زیاتر بۆ گەڕان بە دوای ئەوی تردا،  بەڵام ئێستا بۆتە جیهانی خۆ خستنە ڕووی خود، واتا بۆتە پەردە هەڵدانەوە لەسەر نەخۆشییە دەروونیەکانی خود پەرستیمان_ نرجسییەت_  سەیرم کەن ببینن چ شۆڕشگێڕێکم؍  بروانن لەم وێنەیەدا خۆم و خانەوادەکەم چەند بەختەوەر و جوانین، ئەها شیعرەکانم چەند ناسکن، چەندەها وێنەو پۆستی لەم شێوەیە  ئەوەدەخاتە روِو هێندەی ئێمە لە واڵەکانماندا خودی خۆمان بە بەختەوەری و جوانی نمایش دەکەین، هێندە بە دوای زانیاری و توانای زانسی و ئاستی لیوەشاوەیی ئەوی تردا ناگەڕێین، سناپ چات و تیک تۆک و فەیسبوک و ئەنستاگرام پڕن لەم دیاردە و نمونانەی لەم نوسینەدا ئاماژە پێدراون.

نەخۆشی نەرجسییەت بریتیە لەو بەدبەختییەی کە هەمیشە دەیەوێت وەک بەختەوەرێکی بەهێز خۆی نمایش بکات. بە مانایەکی تر بەکارهێنەران هیچ کات نایانەوێت وەک ناشرینێک یان وەک لاوازێک یان وەک ماندوییەک دەربکەون. ئەمەش یەکێکە لە زیاتر بە دوو ڕوویکردنی مرۆڤەکانی ناو جیهانی تەکنەلۆژییە.

بە پێی لێکۆڵینەوەی بوارە دەرونییەکان، تیۆری بەراودکاری سەرچاوەی بەدبەختیە‌  واتا هەر مرۆڤێک خۆی بەراورد بکات بەوی تر بەختەوەرنابێت. ئەمەش لە جیهانی سۆشیەڵ  میدیادا زۆر زەق و ئاشکرایە. وەختێک مێگەلی بەکارهێنەرانی  پێگەکانی سۆشیەڵ میدیا کە گۆشەگیربوین لەبەرامبەر شاشەکانی دەستمان، بەدەم خەم و ئازارەکانی تەنهایی و قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و دەرونیەوە دەناڵێنین و خێرا ئۆنلاین دەبین لە ناو جیهانە گریمانەییەکەی سۆشیەڵ میدیادا، وێنەو پۆستەکانیشمان پڕن لە جوانی و خۆشگوزەرانی و رۆمانسییەت، ئیدی لەم بەراورد کارییەدا دووچاری تێکشانی دەروونی زیاتر دەبین. پوست جوان و ڕازاوە، دەروونیش تێکشکاو گۆشەگیر.

پۆست پڕ لە خۆشەویستی و بوێری و میهرەبانی، کەچی خۆمان دوور لە هەموو گەرموگوڕییەک و باوەش پیاکردنێکی گەرم و ماچکردنێکین. ئەمەش چەشتنی ئازارەکانی  بەدبەختیە.

 وەک بەکارهێنەران لە روِوی کۆمەڵایەتییەوە هەمیشە بە دوای هاوڕێی تازەدا دەگەڕێین کە ناشیان ناسین، لە هەمان کاتدا دەستبەرداری پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی ترمان دەبین، زۆرینەی کات سەرقاڵین بە کات بردنەسەر لەگەڵ ئەوانەی کە نایناناسین، کەچی ئامادەنین سەردانی گەرم و گوڕی ئەوانی تر بکەین  کە هاوڕێمانن و مێژوویەکی جوانی پڕ لە هەستمان هەبووە بۆیەکتر.  نمونەیەکی زۆر غەمگین کە ئەمڕۆ نمایشکرا ئەویش ئەو  گەنجە ڕۆژهەڵاتییەی بەردەم بارەگای ڕێکخراویی نەتەوە یەکگرتووەکانە کەخۆی سوتاند و تینی گەرمی گڕی جەستەی نەگەشت بە پەیامنێرەکانی سۆشیەڵ میدیا کە دەورەیان دابوو تەنها وەک کورتە ڤیدیۆ یان وێنەیەکی سەرنج ڕاکێش مامەڵەیان لەگەڵدا کرد بۆیە تا قرچاندنیشی لەناو ئاگردا نەچون بە هانایەوە.

بەداخەوە سۆشیەڵ میدیا لە بەشێکی زۆری هەڵوێستی مرۆڤ دۆستانە و گەرم و گوڕی ناو کەس و کار و هاوڕێیان و دۆستانی کردین. زۆر جار دەبینین، دووان لە بەکارهێنەرانی بوارەکانی سۆشیەڵ میدیا لەسەر یەک مێزی ناو کافتریایەک دانیشتون بیِ ئەوەی یەکتر بدوێنن ‌ ماوەی یەک کاتژمێرە بە بێدەنگی   دانیشتوون و قسە لەگەڵ یەک ناکەن، واقیان ووڕماوە بە دیار شاشەی مۆبایلەکانی دەستیانەوە، نازانم بۆ داوای یەکتر بینینیان کردووە ؟ لە حاڵێکدا یەکتر نا دوێنن.

 زۆرینەی لێکۆڵینەوەکانی زانای کۆمەڵناسی و دەرونزانی  _ بیفیز_ ، جەخت لەوە دەکاتەوە، بوارەکانی سۆشیەڵ مەترسیدارترین ئامڕازە بۆ گۆشەگیری و کوشتنی پەیوەندییە گەرم و گوڕەکان. وێنەی ماچێکی سارد و سڕ دەخات شوێن ماچێکی گەرم و گوڕ.

یەکێک لە توێژینەوەکانی بیفیز، گەشتۆتە  سەر ئەنجامێک کە پەیوەندییە ئەلیکترۆنیەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەدبەخت بوونمانە، چونکە چەندین نیشانەی دەروونی خراپ دەچەسپێنێت. وەک زۆربونی هەستی ئیرەیی، شڵەژان و تەنیایی، نەمانی پەیوەندی گیانی بە گیانی‌  لە هەنێک باریشدا خەمۆکی.

بە نمونە توێژینەوەیەک  لە ئەمریکا دەکات‌  مەیدانی توێژینەوەکەی لە ناو 425 خۆیندکاری زانکۆیەک دەبێت. ئەنجامی توێژینەوەکە پێمان دەڵێت:-  ئەوانەی کاتی زیاتر بەسەر دەبەن بە بەراورد لەگەڵ ئەوانی دی، بەدبەختترن. چونکە لە بەکارهێنانی تۆرە کۆمەلایەتیەکاندادووچاری زیاتری خەمۆکی و  گۆشەگیری دەبن، ئەمەش زیاتر بەهۆی ئەو بەراوردکارییەی کە بەکارهێنەران دووچاری دەبن بەبینین لە ڕێگەی شاشەی مۆبایلەکانی دەستیانەوە.
هاوکات لە لە شۆڕشگێڕانی وەک چێ گیڤارا و مارتن لۆتەر کینگ و سەدەها شۆڕشگێڕی مێژووی مرۆڤایەتییەوە  لێژ بوینەوە بەرەو شۆڕشگێڕانیک کە تەنها ئەوە بەسە ئاشنایەتیان لەگەڵ بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکدا  هەبێت، گەورەترین شێوازەکانی خەبات و شۆڕش بەرنەوە بۆناو کوچەو سوچی ماڵەکانی خۆیان. ئەمەش گرفتیکی گەورەیە کە دەبێتە هۆی چەق داکوتاندنی  بەدبەختی لە بری گۆڕانکاری و هێنانەدی جیهانێکی بەختەوەر، لەبەر ئەوەی فۆرمی ڕیگاکانی خەبات کردن گۆردرا بۆ ڕیگای پەنا بردنە بەر شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانی دەستمان؍ ئیدی ئەوەی کە ڕوودەدات تەنها لە ناو جیهانی ئەلیکترۆنیدایە نەک جیهانی ئەرزی واقیع و راِستەقینە.
پاشان بەکارهێنەرانی جیهانی گریمانەیی (سۆشیەڵ میدیا) بە شێوەیەک ئالودە بوون، کەمتر گوێ دەدەنە ئەو مەترسییانەی کە لە ڕێگای ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەوە دووچارمان بووە  لە بوارەکانی بەرهەمێنانیشدا لە کەرتە گشتی و تایبەتەکاندا کاریگەری نەرێنیان هەیە لەسەر بەرهەمهێنان، چونکە زۆرینەی فەرمانبەران لە کاتی کارکردندا لە کاتی کارەکەی دەدزێت بۆ بە کارهێنانی فەیس بووک و سناپ چات و تیک تۆک ...هتد، واتا لە بری ئەوەی سەرنج چڕبکاتەوە لەسەر بەڕێوەچونی کارەکانی خۆی؍ خێرا لە جیهانی کارکردنەوە راِدەکات بۆناو جیهانی دەرەوەی کار و سەرقاڵ دەبێتوە بە چونەوە ناو جیهانی گریمانەیی.
ئەمەش زۆرترین کات بە فیڕۆدان و کەمترین گرنگی دانە بە ماوەی کارکردنی بەرهەمهێنەرانەوە؍  هەر بۆیە ئەمەش ئەژمار دەکرێت بە خۆدزینەوە لە کارو گرنگیدان بە تەمبەڵی و بێ بەرهەمی.
ئەم جیهانە گریمانەییە،  جیهانێکی واقعی نیە، کاتێک لە خۆمانی دووربخەینەوە هیچ مەترسییەکمان توش نابێت، ئەگەرچی زۆرینەمان ئالودەی بووین، بەڵام با تاقی بکەینەوە هەریەکەمان بە جۆرێک تاڕادەیەک خۆمانی لێبە دوور بگرین، بزانین چی ڕوودەدات؟
بێگومان هیچ.  لە پەنای ئەمەشدا دەچینەوە ناو دنیایی راِستەقینە نەک ئەو دنیا تەکنەلۆژییەی کە سەر ئێشەی زۆری بۆ دروستکردووین.....

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە