.
06:44 PM - 18/05/2021
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وەفدێکی باڵای ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد کە پێکهاتبوون لە کۆڵۆنێڵ چارلی سایکێس، دەیڤ ویڵیامس و یان تێن هۆڤ.
لەکۆبوونەوەکەدا بەوردی گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمنی لە عێراق و ناوچە کێشەلەسەرەکان کرا و راوبۆچوون دەربارەی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و پێکھێنانی ھێزێکی سەربازی نیشتمانیی بە دیسپلین و مەشقپێکراو خرایەڕوو.
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی چۆنییەتی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و رێکخستنەوەیان لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتمانیی نەتەوەیی، ھەڵوێستی یەکێتی خستەڕوو و جەختی لە بەردەوامی ھەوڵەکان کردەوە بەو ئاڕاستەیەی کە بنەمای ھاوسەنگی و یەکسانی لە یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە رەچاوبکرێت و ھێزێکی نیشتمانی رێکخراو دروستبکرێت کە رەنگدانەوەی ھەموو پێویستییەکانی بەرژەوەندی گشتی ئەمڕۆی ھەرێم بێت. دووربێت لە دەستێوەردانی حزبی و ھەموو پشتیوانییەکی یەکێتیشی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە نەتەوەییە دەربڕی.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا ھاوسەرۆک سوپاسی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد کە ھاوکار و پشتیوانی ھەرێم و عێراق بوون لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە. بەردەوامی و فراوانکردنی ئەو ھەماھەنگییەشی بە هاوکاری هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دووپاتکردەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە