کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

روونكردنەوەیەك لەسەر دەستگیركردنی رۆژنامەنووس هێمن باقر

.

11:04 PM - 16/05/2021

بۆ ئەوەی لای هەموان ئاشكرا بێت، كە ئەمڕۆ رۆژنامەنووس هێمن باقر لە بنكەی پۆلیسی بەختیاریەوە پەیوەندیی پێوەكردین، پێشتر هیچ زانیاریمان لەسەر ئەو سكاڵایە نەبوو، ئاگاداری فرمانی دەستگیركردنەكەشی نەبووین، چونكە ئەم فرمانە لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە دەرچوو بوو، هیچ كۆپیەكیش بۆ لقی سلێمانی نەهاتبوو لەبەر ئەوەی دادوەری هەولێر بە مادەی 433 لە یاسای سزادانی عیراقی داوای دەستگیركردنی ئەم رۆژنامەنووسەی كردوە و ئاڕاستەی پۆلیسی سلێمانی كراوە، تا بە باڵبەست ئەم (تۆمەتبارە) كە ئەندامی لقی سلێمانیە رەوانەی هەولێر بكەن.
بۆیە بۆ هەموو لایەكی روون دەكەینەوە ئێمە وەك لقی سلێمانی ئاگاداری ئەو كەیسە نین و نازانین تایبەتە بە كام گۆڤار یان لە ساڵی چەندەوە سكاڵاكە تۆماركراوە.
خۆشبەختانە دادوەری لێكۆڵینەوەی سلێمانی بە كەفالەت ناوبراوی ئازادكردوە تا بەپێی خۆی بڕواتە بەردەم دادگای هەولێر و لە ئۆتۆمبێلی بۆكسدا بەباڵبەستكراوی نەیبەن.
ئێمە وەك لقی سلێمانی لێرەوە داوا لە لقی هەولێری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەین كە نوێنەریان ئامادە بێت لەگەڵ هێمن باقر عەبدول كە ئەندامی كارای لقی سلێمانیە و لە شاری هەولێر بەیاسای سزادانی عیراقی دادگایی دەكرێت، هەروەها هیوادارین لقی هەولێر هەوڵەكانیان بخەنە كار تا (هێمن باقر) بە یاسای ژمارە 35 ی رۆژنامەوانیی هەرێمی كوردستان دادگایی بكرێت نەك بە یاساكانی عیراق.
سەروەری بۆ ئازادی وتن و رادەربڕین


كاروان أنور
سكرتێری لقی سلێمانی
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
16/5/2021

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە