کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

جەژن و كۆرۆنا و مووچە

.

04:09 PM - 11/05/2021

جەژن و كۆرۆنا و مووچە
ســـــەركۆ یونس*

ئەم جەژنە، دووەمین جەژنی ڕەمەزانە، كە لە گەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكرێت، بەڵام جەژنی لێبڕینی مووچە و قەیرانی دارایی، هەر بەردەوامە و لەگەڵی ڕاهاتووین.
سەرەڕای گەشتنی ڤاكسین و دابەشكردنی بەسەر هاونیشتیمانیاندا، هێشتا ڤایرۆسەكە جێگای مەترسییە و بەردەوامە.
هەرچەندە بەغدا و هەولێر، ڕێكەوتنیان لەسەر بودجەی ساڵی دارایی2021 كردووە، پشكی هەرێم بەیاسا دیاریكراوە، بەڵام وادەردەكەوێت، مەسەلەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەر بەردەوامە و دەبێت دەست وگیرفان و پێداویستیەكانمان، لەگەڵی ڕابهێنین.

بەشە بودجەی هەرێم، بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق، بۆ ساڵی دارایی 2021  نزیكەی (11) ترلیۆن و پێنج سەد ملیار دینارە، بە مەرجی پێدانی بەهای 250 هەزار بەرمیل نەوت، بەنرخی سۆمۆ و نیوەی داهاتە فیدراڵییەكان.
زیاتر لەشەش ساڵە، بەرزكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران ڕاگیراوە و هیچ ڕێكەوتێك دیاری نەكراوە، بۆ دەستپێكردنەوەی بەرزكردنەوەی مووچە.

بڕی پارەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم، بەبێ چاكسازی نزیكەی 894 ملیار دینارە و بەسیستەمی لێبڕینی ڕێژەی 21%  نزیكەی 752  ملیار دینارە.
ڕەوشی ئابوری و جموجوڵی بازاڕ لەم مانگەدا، بەهۆی زۆری خواستی كریارانی ڕەمەزانەوە، تاڕادەیەك گەرموگوری پێوەدیار بووە و پێدانی مووچەش زیاتر هاندەر بوو بۆ خواستی بەكاربەران.
لەلایەكی ترەوە، بەهۆی دەركردنی زەكات لەماڵ ودارایی و سەرفیتەرەی ڕەمەزان، بەشێوەیەك بڕێكی زۆر لەپارە كەوتووەتە دەست چینی هەژاران و كەمدەستان، لەبەرئەوەی ئەم چینە لەبنەڕەتدا ئارەزووی بەكاربردنیان بەرزە، جارێكی تر قەبارەی خواست گەورەتر بووە و بازاڕ گەرمتر بووە.

حكومەتی هەرێم، بەڵێنی داوە، مانگانە لە بیست و پێنجی هەموو مانگێك مووچە دابەش بكات، ئەم بەڵێنە جۆرێك لەجۆرەكان بازاڕ جێگیر دەكات و دڵنیایی دەدات بەكڕیارو فرۆشیاران و بەشێوەیەكی گشتی بازاڕ.

لە بەر ئەوەی زیاتر لە شەش ساڵە، هەرێمی كوردستان خاوەنی بودجەی ساڵانەی خۆی نەبووە، بەشەبودجەی تەرخانكراو بۆ بواری وەبەرهێنان نەبووە، پرۆژە ئابورییەكان بەڕێژەیەكی گەورە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە جێبەجێكراون، چەندین هۆكاری تر، وای كردوە ئابوری هەرێم بەقورسترین باردا گوزەر دەكات.

بەداخەوە ڕێژەی بێكاری لەهەرێمدا، زیاتر (20% بۆ 30%) ی كۆمەڵگایە، ئەگەر بەم بارودۆخەوە ساڵی 2021 تێبپەڕێنین، ڕێژەكە زیاتر بەرز دەبێتەوە و مەترسیەكە گەورەتر دەبێت، چونكە لەلایەك بەهۆی كاریگەریەنێگەتیڤەكانی كۆرۆنا لەسەر كەرتەئابورییەكان و لەلایەكی ترەوە بەهۆی زۆری دەستی كاری خاوەن بڕوانامەی زانكۆیی ونەبوونی هەلی كار، ڕێژەی بێكاری بۆ دوو ئەوەندە و زیاتریش هەڵدەكشێت..

هەرچی دیاردەی هەڵاوسانە، دیسان ڕێژەكەی لەئاستی مەترسیدایە و وابەستە بە ئابوری و بازاڕی عێراقەوە، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، دیاردەكەی گەورەتر كردووە، ڕێژەی (20% بۆ 25%) بەهای دینار بەرامبەر دۆلار داشكێنراوە. بەمەش ڕێژەی هەڵاوسان بەرزبوەتەوە و بارگرانییەكە لەسەرشانی چینی هەژاران و مووچەخۆرانە، هەر ئەمەش وای كردووە رێژەی هەژاری لەعێراق و هەرێمدا بەرزببێتەوە بۆ ئاستێكی مەترسیدار.
دیاردەی ووشكەساڵی لەهەرێمدا، وادیارە یەكێكی تر دەبێت لەكێشەكانی بەردەم حكومەت و خەڵك، پێ دەچێت هاوینێكی بێ ئاو و پڕ كێشە بەرۆكمان بگرێت، زەرەر و زیانەكانی ووشكەساڵی بارگرانییەكی ترە بەسەر ئابوری هەرێمەوە.

لەكۆتایـیــدا، بۆ ئەوەی جەژن جگە لە بۆنە ئایینیەكە، ببێتە بۆنەیەكی گشتگیرو ئومێدبەخش، پێویستە حكومەت و لایەنە سیاسییەكان، تەنها پەیامی جەژنە پیرۆزە نەنێرن بۆ خەڵك و هاونیشتیمانیان، بەكردار هەنگاو بنێن بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكان بەگشتی و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بەتایبەتی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە