کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كوشتنی قاسم سولەێمانی لە ناوەندێكی میدیای باوەڕپێنەكراودا

.

11:03 AM - 10/05/2021

د.هۆگر عومەر

ماوەیەكە كۆمەڵێك میدیای ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بابەتێكی یاهووونیوزیان گەورە كردووە و خەڵكێكی زۆریان بە خۆیانەوە مەشغوڵ كردووە. ئەمە یەكەم جار نیە بابەتی كەم بایەخی لەم شێوازە گەورە دەكرێت و فوو بە نووسەرەكەیدا دەكرێت، بۆیە ویستم لەسەر ئەم بابەتە كەمێك بوەستم و ووردو دروستی ئەم ڕاپۆرتە ئاشكرا بكەین.

نوسەری سەرەكی بابەتەكە كەسێكە بەناوی (جاك مۆرفی) لەگەڵ كەسێكی نەناسراوی تر بە ناوی (زاك دۆرفمان). جاك گەنجێكی ئەمریكیەو تەنها شەهادەی بەكالۆرێۆسی هەیە و لە ٢٠١٩ وە خۆی بە ڕۆژنامەوان ناساندوەو بەهیچ شێوەیەك لە هیچ دەزگایەكی ڕەگەیاندنی باوەڕپێكراودا بابەتی بڵاونەكردوەتەوە. جاك دۆرفی پێشتر لەسوپای ئەمریكادا وەكو سەربازێكی ئاسایی كاری كردوەو تەنها لە سوپادا وەكو قەناس بەدەست ئیشی كردوەو  لە ساڵی ٢٠١٠ وە لە سوپادا نەماوە و لە هیچ شوێنێكی دیكەش بەرپرسیاریەتی نەبووە.
لە ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٩ خۆی وەكو ڕۆماننووس و چیرۆكنووس ناساندوە لە كاتێكدا هیچ ڕۆمانێكی بڵاونەكردوەتەوە.
زۆرجار ئەو كەسانەی كە لە سوپای ئەمریكا كاردەكەن تووشی چەندین نەخۆشی دەروونی دەبنەوە و دوای ئەوەش كە دەستبەرداری كاری سەربازی ئەبن ڕێژەیەكی زۆریان بێكار ئەبن و ئەبن بە هۆملێس واتە ئەوانەی كەلەسەر كوچەو كۆڵانەكان دەمێننەوە، هەر لەبەر ئەمەش ڕێژەیەكی زۆریان تووشی ڕووداوی خۆكوشتن ئەبن.  لە ساڵی ٢٠١٩ دا لە كۆی ٦٣٠.٠٠٠ هۆملێسدا ٦٧،٠٠٠ ی ئەو ڕێژەیە ئەو سەربازانە بوون كە لە ڕیزی سوپای ئەمریكادا خزمەتیان كردبوو، وە لەهەر ڕۆژێكدا لە ئەمریكا ١٧ سەربازی پێشوو خۆیان دەكوژن كە دەكاتە نزیكەی ٦٢٠٠ كەس لە ساڵێكدا.
جال مۆرفی پێشتر لە سوپای ئەمریكا لە عێراق و ئەفغانستان كاری كردوەو دواتر كە دەستبەرداری سوپای ئەمریكا بووە وەكو هەر سەربازێكی تری ئاسایی تووشی هەمان ئەو كێشانە بەووەتەوە. بۆیە زۆرجار بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان بابەتی فیكشن (ناڕاستی یان چیرۆكی دروستكراو) بۆ دەزگاكان دەنێرن لەبەرامبەر بڕە پارەیەكدا تاوەكو خوێنەری ئەو دەزگایانە زیاد بكات، دووریش نیە لایەنێكی دیاریكراو وە بۆ مەبەستی دیاریكراو كەسانێكی لەو جۆرە بەكرێبگرێت بۆ دروستكردنی چیرۆكێك كەخزمەتی بەرژەوەندی لایەنێكی دیاریكراو بكات بە شێواندن و هەڵگەڕاندنەوەی ڕاستیەكان.
سەبارەت بە ڕاپۆرتەكە نوسەرەكە  بە مەبەست یان بە نەزانی كۆمەڵێك هەڵەی ئەنجامداوە لە گرنگترینیان كاتێك باسی دژە تیرۆری هەرێمی كوردستانی كردووە، پۆڵاد تاڵەبانی بە سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان ناساندوە، لە كاتێكدا سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان لای پارتی دیموكراتی كوردستانە و نوسەر بە هەڵە یان بە مەبەست ئەو كارەی كردوە.
سەبارەت بە شێوازی كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەو لایەنانەی بەشداری هەڵمەتەكە بوون شتێكی شاراوە نیەو لە چەندین شوێن و میدیای باوەڕپێكراوی تردا ووردەكاریەكان بڵاوكراوەتەوە، بەڵام هەرگیز ناوی هیچ لایەنێكی هەرێمی كوردستان نەهاتووە.
 ئەوەی ئاشكرایە كە چەندین هێزی تایبەتی ئەمریكا لەم كوشتنەدا بەشدار بوون بە هاوكاری لەگەڵ باڵێوزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كە چەندین مانگ پێشوەختە پلانی بۆ داڕێژراوە، هەموو ووردەكارییەكان و بەڵگەكان لە نیویۆرك تایمز و واشنتنپۆست دا باس كراوە و بەهیچ شێوەیەك باس لە دژەتیرۆری یەكێتی نەكراوە ، وە ئاشكراوە لای پسپۆرە ئەمریكەكان كە ئەم دوو ناوەندە میدیاییە بابەت و بڵاوكراوەكانیان جێگەی بایەخ و برواپێكردنە، بەپێچەوانەی یاهووو نیوز و نوسەری ناوبراو كە زۆرجار لە بەرامبەر برێك پارەدا ئامادەی هەموو جۆرە نوسینێكی نازانستی و بێبەڵگەن.
ئەو نوسەرانەی كە لەبواری تیرۆر و دژە تیرۆر (تیرۆریزم و كاونتەر-تیرۆریزم) ئەنوسن و لێكۆڵینەوە ئەكەن لە ئەمریكادا بە گشتی كەسانی دیارن و نوسین و توێژینەوەكانیان جێگای بایەخی دەزگاو میدیا جیهانیەكانن بەڵام بە هیچ شیوەیەك كەسانی وەكو جاك مۆرفی هەرگیز نە لە ئەمریكا و نە لە دەرەی ئەمریكاش بەو پسپۆڕیەوە نەناسراون؛ چونكە لە ئێستادا بواری تیرۆریزم و كاونتەر-تیرۆریزم بوارێكی تایبەتە و لەزانكۆ و ناوەندە ئەكادیمیە ئەمریكیەكاندا دەخوێنرێت. هەروەكو چۆن من لە زانكۆی جۆرجیا و لە سكوڵی سام نوون بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بابەتی تیرۆریزمم بە ئەكادیمی خوێندووە و لە ژێر دەستی كەسانی پسپۆڕی ئەو بوارەدا. بۆیە گرنگترین شت لە هەر بڵاوكراوەیەكدا ئەوەیە ئایا نووسەرەكەی تا چ ڕادەیەك نوسەرێكی باوەڕپێكراوە و وە تا چ ڕادەیەك جێگای بایەخی ناوەندە زانستیەكانە.
ئەو دەزگایەی كە جاك مۆرفی ئەو نوسینەی تێدا بڵاوكردوەتەوە یاهوو نیوزە، كە بە هیچ شیوەیەك دەزگایەكی میدیای باوەڕپێكراو نیەو ئەو نووسینانەی كە لەو دەزگایەدا بڵاو دەكرێتەوە بە هیچ شێوەیەك نە جێگای باوەڕو نەجێگای بایەخی ناوەندو لایەنە ئەكادیمی و زانستیەكانە. یاهووو زیاتر ئەو بابەتانە بڵاو دەكاتەوە كە ئەبێتە جێگای تێڕامان و سەرنج و هۆشی خەڵك بۆ لای خۆی ڕادەكێشیت و خوێنەری زیاد دەكات، ئەو بابەتەش كە بڵاوكراوەتەوە لە یاهووو بەسەرسوڕمانیەوە لە كوردستان بایەخێكی زۆری پێدرا و گەورە كرا سەرنجی خەڵكانێكی زۆری بە لای خۆیدا ڕاكێشیا، لە كاتێكدا كە ئەبوایە پشتگوێ بخرێت و شتی لەو شێوازە گەورە نەكرێت، بەڵام بە داخەوە یاهووو لەم بابەتەدا سەركەوتوو بوو لەوەی كە سەرنجی خەڵكانێكی زۆری بە لای خۆیدا ڕاكێشا. ئەمە وایكرد تەنانەت دەزگای دژە تیرۆری یەكێتیش ڕاگەیاندراوی ڕەسمی بڵاوبكاتەوە وەڵامی ئەو بابەتە بداتەوە كە بە بۆچوونی من پێویستی بە ڕوونكردنەوە نەبوو، چونكە نە نوسەرەكە و نە ئەو دەزگایەیەشی كە نوسینەكەی تێدا بڵاو بۆتەوە شایانی وەڵامدانەوە نەبوون. یاهوو لە ئەمریكا بەوە ناسراوە كە ئەو نوسینانەی تێدا بڵاو ئەكرێتەوە لایەنگیریانەیە وە ئەو بابەتانەی كە تێیدا بڵاو دەكرێتەوە لەسەر بنەمای فاكت یاخود بەڵگە نیە و بەڵكو ڕاو بۆچوونی نوسەرە هەربۆیە لە هیچ دەزگا و ناوەندێكی ئەكادیمی ئەو بابەتانە جێگای بایەخ نیە كە لە یاهوودا بڵاو دەكرێنەوە.
هەربۆیە دەتوانین بڵێین راپۆرتەكەی یاهوو  نیوز و جاك مۆرفی بە تەواوی دوورە لە راستییە و پێچەوانەی ئەو بەڵگانەیە كە لە نیویۆرك تایمز و واشنتنپۆستدا هاتووە و ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێ كە نوسەر و سایتی ناوبراو بە بەرامبەر ئەم راپۆرتەیان نوسیووە.

دكتۆر هۆگر عومەر
شارەزای ئاسایشی نێودەوڵەتی و لێكۆڵەری بواری تیرۆریزم لە ئەمریكا
هاوپێچ

وێنەی جاك مۆرفی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە