کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

فراوانتر لە چەکوشی دادگا و نزیکتر لە ترپەی دڵی دادپەروەری

.

07:41 PM - 09/05/2021

فراوانتر لە چەکوشی دادگا و
نزیکتر لە ترپەی دڵی دادپەروەری


ستران عەبدوڵا


ئنجا قوربان گوتەزایەکی کایەی عەسکەری ھەیە دەڵێ شەڕ زۆر لەوە ھەستیار ترە بیدەیتە دەست جەنەڕاڵەکان . مانای ئەم گوتەیە وایە ھەڵسەنگاندن بۆ کردنی شەڕ یان نەکردنی ھەر ئەوە نییە جەنەڕاڵ نرخاندن بۆ بەڵانسی ھێز و توانای مەیدانی جەنگین بکات و ئینجا ناوی خوای لێ بێنێ و دەست بە پەلەپێتکەی  تفەنگەکەدا بنێ. بەڵکو کە زانی تێچووی شەڕەکە لە دوور مەودادا زیاترە دەبێ سەڵەواتێکی لێ بدا و  دەست لەم بژاردەی وێرانییە ھەڵبگرێ. لە پێش و لەپەنای جەنەڕالەوە پیاو ماقولی تر ھەن کە ئازایەتی بە دانایی دەگۆڕنەوە.
بەداخەوە پێنج خشتەکی بەس لەشییعرا رەواجی ھەیە نەک لە وتاری سیاسییدا ، دەنا  دەھێنێ ئەم وتەزایە لە کایەی تریشدا ھەوێنی پێنج خشتەکی بێت. وا چەند کایەیەک باس دەکەم :
—بۆ نموونە دادگا و دادوەری زۆر لەوە ھەستیارترن بدرێتە دەست فەرمانبەری مەسلەکی دەق و بڕگەی بێ رۆح و گیانی یاساوە، چونکە ئەسڵ لە یاسا ودادگا رۆحی دادگەری و مافەکانە، نەک زەممە و کەسرەی نووسراوەکان.
رۆح و نیەتی عەدالەت ژیان و گیان لە دۆزەخی بیروکراسی دادگا و دەزگاکان دەپارێزێ.
ماف و دادوەری ھی ئەوە نییە بکرێتە قوربانی فەزایەکی سیاسیی بێ رەحمانە کە جەوھەری ماف و دادپەروەری لە مانا و دەربەستە گشتییەکانی کۆمەڵگەی ئینسانی بەتاڵ دەکاتەوە.
ژیریی و دانایی زمامدارانی مەملکەت لەوەوە دەردەکەوێت کە لەتەنگژەی وادا بە فەرھەنگی بەرزی سیاسیی و ھەڵسەنگاندنی وردی مەسڵەحەتی وڵات و دەوڵەتداریی پەراوێزی جولەی خۆیان فراوانتر بکەن و وزە و خەزینی خۆیان لە چارەسەردا بخەنەگەڕ ، نەک لێگەرێن دامەزراوە بیروکراسییە ژێر ھەژموونەکان دۆو دۆشاو تێکەڵ بکەن
وەک ئێستا لە کەیسی بە بنبەست گەیشتنی کەیسی حوکمدراوەکانی بادیناندا دەبینرێت.
- نموونەی تر لەسەر جولەی کاری پەرلەمانی و کورتکردنەوەی دیموکراسی و فراوانکردنی بەشداری سیاسیی کۆمەڵە لە تەنھا پرۆسەی ھەڵبژاردندا ، دیموکراسیی زۆر لەوە ھەستیار ترە بکرێتە بارمتەی زۆرینە و کەمینەی ئەنجومەنەکان بێ ئەوەی توانای تەجرەبەی سیاسیی کۆمەڵگەکان ببرێتە سەرەوە تا ھوشیاری  گشتی دینگەیەکی وا پتەوی ھەبێت کە بەرگەی لافاوی عەوام فریوی بگرێت و بتوانێت جۆرێک لە ئۆقرەی سیاسیی  مسۆگەر بکات. بێگومان ھەر دیموکراسیی و دیموکراسیی زیاتر چارەسەری قۆپاوییەکانی دیموکراسیی دەکات و ھەڵبژاردنیش وێستگەیەکی چۆنایەتی جولەی دیموکراسییە، بەڵام باش وخاسیشە ھەناسەی درێژی رەوتی دیموکراسیی ببینین و کۆی دیمەنەکە ھەڵبسەنگێنین، ئەگینا دیموکراسی موجەرەدی خواریزمیات  بەدەردی کۆمەڵگە راگوزەرییەکان نایخوات. ئاخر لە خۆڕا نییە چیرۆکی جولانەوە سیاسییەکانی دونیای سێ بێ رۆح و بێ گیان دەبێت ئەگەر جورعەیەکی بەتینی «دیموکراسیی کۆمەڵایەتی» لەگەڵدا نەبێت کە لە بابی گوزەران و ژیانێکی شەرافەتمەندانەی خێزان و چین و توێژەکاندا جێی دەبێتەوە.
- دوا نموونە کە دەخوازم باسی بکەم پەیوەندی بە دونیا بچووکەکەی خۆمان،  میدیاوە ھەیە کە لەبەر ھەورازنیشتنمان لە بورجی عاجی میدیادا خەریکە وەزیفەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی پیشەکەمان  لە بیر دەکەین . وەزیفەی قوڵی وا کە ھەقە پێش مەیلە کەشخەییەکەی رۆڵی چالاکی مەدەنی بداتەوە و لە بیرمان بێت میدیا وەک رەفیقە گوناحەکەی تری ، بەرێز دیموکراسی ، زۆر لەوە گوناحترە بارگاوی بکەین بە ئەرکی قورستتر لە ئەرکی خۆی کە فراوانکردنی فەزای گشتی بەشداری و بڕیاردانی دەستە جەمعییە لە کاروباری وڵات و کۆمەڵگەدا. ئەوەش رێک بە پێدانی زانیاری و گواستنەوەی ھەواڵ و رووداوەکان لە چەپکێکی دەوڵەمەندی وادا کە یارمەتی کۆمەڵ بە دەستەبژێر و گشتییەوە بدات بڕیار و بژاردەی دروست بدەن و ڕەچاو بکەن . میدیا بەردەبازی پەرینەوەی ئەو تایپە لە ئەفراد و ئەرباب نییە کە لەبەر ئەوەی ناونیشانی تر شک نابەن بوونەتە جەنگاوەری کورت خایەنی ئەم ئەرکە ھەستیارەی دەسەڵاتی چوارەم.
ئەوەندەم گوت ، ئێوەش ئەم پێنج خشتەکییە دەوڵەمەند بکەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە