کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

جووڵەکانی یەکێتی

.

10:57 AM - 08/05/2021

جووڵەکانی یەکێتی

ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە مانگی 10ی ئەمساڵ ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی نوێ دەبێت چ بۆ پڕۆسەی سیاسیی عیراق، چ بۆ حزبەکانی بەشدار لە پڕۆسەکەدا. بۆیە ئەم ئەزموونە نوێیە، وای لە زۆرێک لە حزبەکان کردووە، بەتایبەت ئەو حزبانەی لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراق و هەرێمی کوردستاندان خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژن لە خەباتی سیاسییدا، بۆیە دەبێت پێداچوونەوە بە سیاسەت و بەرنامەی هەڵبژاردندا بکەنەوە.

لە عیراق دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی لەگەڵ هەشت حزب و لایەنی دیکە دەیەوێت شان بداتە بەر هەڵبژاردنەکە، مالکی چاوی لەوەیە لە دوای دوو خول دوور کەوتنەوە لە سەرۆک وەزیران جارێکی دیکە بگەڕێتەوە، سوننیەکانیش بەتایبەت محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێستا بە هاوپەیمانییەکی شەش لایەنییەوە دەیەوێت سەنگ و قورسایی پێکهاتەی سوننەکان لەم هەڵبژاردنە پیشان بدات. بەڵام لە هەرێمی کوردستان قسە لەسەر هاوپەیمانییەکی رەسمی و ناڕەسمییە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لە دوای نزیکەی (12) ساڵ ململانێی و رکابەری سیاسیی و لێکتێگەیشتن، ئەمجارە دەبنە هاوپەیمان(هاوپەیمانیی کوردستان) ئەم هاوپەیمانییە جووڵە رەسمییەکەی یەکێتییە لەگەڵ حزبێکی دیاری وەک بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام لەوە گرنگتر جووڵەی دووەمی یەکێتییە لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیدا، ئەم جووڵەیە ناڕەسمییە، بەڵام گرنگیی و بایەخێکی زۆری بۆ هەر سێ لایەنەکە هەیە، تەگبیری ئەم پێنج لایەنە، بێگومان بە دەستپێشخەری یەکێتییە، یەکەم: بۆ راگرتنی هاوسەنگی سیاسی لە هەرێم. دووەم: بۆ قورساییەکی زیاتری دەنگی کورد لە بەغدا.

بۆ ئەو هاوپەیمانییە رەسمییەی یەکێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، خوێندنەوە و شرۆڤەی زۆر دەکرێت، بەڵام دوو شت هەیە دەبێت رەچاو بکرێن:

– پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق، ئەگەر بۆ حزبە عیراقییەکان، پڕۆسەیەکی گرنگ و پڕ بایەخ بێت، بۆ کورد بەتایبەت لە پرسی رێکەوتنەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ کابینەی داهاتوو، بایەخێکی زیاتری هەیە، بۆ ئەمە لەسەر پێ مانەوەی حزبەکانی هەرێم، بەتایبەت حزبە بچووکەکان جێی بایەخن و نابێت گرەو لەسەر کۆتایی هاتنیان بکرێت، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی عیراق ئەو تێگەیشتنەی بۆ دروستکردووین کە نابێت پێمان وابێت پشتگوێ خستنی حزبە بچووکەکان بە مانای سەرکەوتنی حزبە گەورەکان دێت، بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەی حزبە گەورەکان بە بەهێزی بمێننەوە، ئەوا دەبێت هێز و حزبی زیاتر لە پشتخۆی ببینێت، یەکێتی تا ئێستا گرەوی تواندنەوەی حزبە بچووکەکانی نەکردووە و پێیوایە بۆ کاریگەرتربوونی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم و عیراق، دەبێت بمێننەوە و پشتیوانیش بکرێن.

– هەرچی خاڵی دووەمە پەیوەندی بە دۆخی سیاسیی، ئابووری، ئەمنیی و تەندروستی عیراقە، هەموو جووڵەیەکی سیاسیی، لە عیراق رەنگدانەوە و کاریگەریشی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە کورد ناتوانێت بە هێزێکی کەم و تەنیا وەک پێکهاتە لە عیراقدا کە هەوڵ بۆ ناوەندگەراییەکی چڕ دەدرێت، خەبات بۆ دەستکەوتەکانی خۆی بکات.

وەک وتم، یەکێتی تا ئێستا تەنیا دوو جووڵەی کردووە، جووڵەی سێیەم لە دوای دەرکەوتنی پەرێزی کۆی حزبە سیاسییەکانی هەرێم و عیراق دەبێت، ئەوکات بە ئەگەری زۆرەوە جووڵەی سێیەم موفاجەئە دەبێت

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە