کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەمریكا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی دەستگیركراوانی بادینان راگەیاند

.

07:46 PM - 07/05/2021

كونسوڵخانەی ئەمریكا ھەڵوێستی خۆی لە بارەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم بۆ پەسەندكردنی سزای دەستگیركراوانی بادینان راگەیاند و پشتیوانی خۆی بۆ ئازادی رادەبڕین دووپاتكردەوە.
كونسوڵخانەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، وڵاتەكەی پشتیوانی لە ئازادی رادەبڕین و راگەیاندن دەكات و ئازادی رادەبڕین بەشێكە لە ناسنامەی وڵاتەكەی و بەردەوام دەبن لە داكۆكیكردن لێی وەك بەشێك لە بەھا سەرەكییەكان.
ئەوەشی راگەیاندووە: چاوەڕوانیان لە حكومەتەكان لە جیھاندا ھەیە رێز لە دیبلۆماتكارەكانیان بگرن، كە بە ھەمان شێوەی رۆژنامەنوسان لەگەڵ خەڵكی جۆرا و جۆر كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن كاروبارەكانیان بكەن.
دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دادگای تاوانەكانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد.
پێشتریش كونسوڵخانەی ئەڵمانیا نیگەرانی خۆی لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، بڕیارەكە قورسە و ھیچ بەڵگەیەكی روونی تێدا نییە كە شایەنی سزادانی دەستگیركراوان بێت، ئاڵوگۆڕی بیروڕای ئازادانە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاكان بەشێكە لە كاروباری دیپلۆماسی و بڕیارەكەی دادگاش دژ بە ڕۆحی دیموكراسی و دۆستایەتیانە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان.
ئەوەش لەكاتێكدایە، زیاتر لە شەش مانگە چەند رۆژنامەنوس و چالاكوانێكی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەركراون، رۆژی 16-2-2021، لە دادگای تاوانەكانی هەولێر دادگایی كردنی پێنج كەسیان بەڕێوەچوو و تیایدا دادگا بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ هەریەك لەوان دەركرد.
دوێنێش بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی كوردستان بۆ سزای زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی دەڤەری بادینان، بەدەنگی 3 ئەندام لە كۆی 5 ئەندامی دادگاكە پلەی كۆتایی پێدرا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە