کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لاهور شێخ جەنگی پێشوازیی کرد لە وەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا

.

07:18 PM - 03/05/2021

ئەمڕۆ دووشەممە ٣ـی٥ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی، پێشوازی کرد لە وەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان ئەحمەد سلێمان، ئەحمەد بەرەکات، سەڵاح دەروێش، عەلی شەمدین  ئەندامانی مەکتەبی سیاسی.
لە دیدارێکدا کە سالار سەرحەد ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکان ئامادەی بوو، گفتوگۆ کرا دەربارەی دۆخی ڕۆژئاوا و ڕێوشوێنەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
لەسەرەتای دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی جەختی کردەوە لەسەر نەهێشتنی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی کوردی ڕۆژئاوا دەبێتەوە، پێویستیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان و گرتنەبەری ڕێگەی ئاشتی و زمانی گفتوگۆی دووپات کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بە جۆرێک کە ڕۆڵی هیچ لایەنێک نادیدە نەگیرێت، لەو ڕووەشەوە پشتیوانی و هاوکاری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دووپات کردەوە.
هاوسەرۆک ئاماژەی بەو پەیوەندییە دێرین و مێژوییە کرد کە لە نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كوردی سوریا هەیە کە بناغەکەی لەسەر دەستی هەردوو خوالێخۆشبوو مامی گەورەمان و مامۆستا حەمید دەروێش داڕێژراوە، پەرەپێدان و پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانەشی دووپات کردەوە.
هاوکات لاهور شیخ جەنگی دەستخۆشی لێکردن کە سەرباری دژواری دۆخەکە توانیویانە حزبەکەیان بپارێزن، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن کە دەیانەوێت لە داهاتوودا کۆنگرەیەک ساز بکەن.
وەفدەکەش پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ ڕۆڵی نیشتیمانی و هاوکاری و پاڵپشتییەکانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەرامبەر کوردی ڕۆژئاوا و پیرۆزباییان لێکرد بە بۆنەی پێکهێنانی هاوپەیمانی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە