کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەکتەبی راگەیاندن : تاسەر پابەندی دروشمی نان و ئازادی دەبین

.

04:26 PM - 03/05/2021

بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئازادیی رۆژنامەگەریی، مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان تەئكید لە پێویستی فەراهەمكردنی ئازادی بۆ كاری رۆژنامەوانی دەكاتەوە كە پایەیەكی گرنگی بەرەوپێشچوون و پەرەپێدانی میدیا و رۆڵگێڕانی كایەی رۆژنامەگەرییە لە كۆمەڵگەدا ، كە لە مێژە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (نان و ئازادیی) كردۆتە پرانسیپی نەگۆڕی خۆی و پشتیوانییەكانی سەرۆك مام جەلال-یش بۆ رۆژنامەنووسان و نووسەران لەو بوارەدا پرشنگدارە.
ماوەی سێ دەیە یە نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر راسپاردەی رێكخراوی یونسكۆ 3ی ئایاری هەموو ساڵێكی بە رۆژی ئازادیی رۆژنامەگەریی لە جیهاندا ناساندووە و یادی دەكاتەوە، بۆ ئەمساڵیش كە دروشمی "زانیاری بۆ سوودی گشتی" بۆ یادكردنەوەكە دەستنیشانكردووە، جێی خۆیەتی پێداگری بكەینەوە لەسەر دەستڕاگەیشتنی رۆژنامەنووسانی كوردستان بە زانیاری و سەرچاوەكانی بەبێ جیاوازی، كە ئەوەش بە كۆڵەگەیەكی سەرەكی فەراهەمبوونی میدیایەكی بەتوانا و شەفاف و دوانەكەوتووە لە كاروانی خێرای رۆژنامەگەریی دادەنرێت، لەو پێناوەشدا پشتیوانی خواست و پێویستی هەموو رۆژنامەنووسێكی بە ویژدان و میدیایەكی سەنگین و پابەند دەكەین و كاریشی بۆ دەكەین.
بەئومێدی چارەسەركردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە رابردوودا هاتوونەتە رێی ئازادی و سەربەخۆیی و هەمەرەنگی رۆژنامەگەریی، هاوشانیش پانیایی ئازادیی و رەخنەگرتن بەرتەسك نەكرێتەوە و لە جێی بەندكردنی رۆژنامەنووسان مامەڵەی یاسایی و هاوچەرخیان لەگەڵ بكرێت، میدیاش رێز و شكۆی دەسەڵاتی چوارەمی بپارێزێت و بەرپرسیارانە مامەڵە بكات و رۆڵی سەرەكی لە چاودێریكردنی جومگەكانی دەسەڵات و حومكڕانی بگێرێت.
لەم یادەدا درود دەنێرین بۆ هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی لەپێناو ئەركی پیرۆزیاندا گیانیان بەخت كردووە.

مەكتەبی راگەیاندنی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
3ی ئایاری 2021

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە