کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لەمیانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزی روسیا لە عێراق.. سەرۆک کۆمار جەختدەکاتەوە لەگرنگی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە

.

02:58 PM - 21/04/2021

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمرۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٤/٢١ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵیۆزی روسیا لە عێراق بەبۆنەی کۆتایهاتنی ئەرکەکەی.

لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری و کاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات، هەروەها پێشهاتەکانی ناوچەکە و نێودەوڵەتییەکانی جێی بایەخی هەردوو لا خرایە روو و جەختیشکرایەوە لە پابەندبوون بە دیالۆگ بۆ پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی خستنەگەڕی هەوڵی زیاتری ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و کەمکردنەوەی ئەو گرژییانەی کە کاریگەری خراپ دەکاتە سەر دەرفەتی گەشەدان و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە و گرنگی کاری هاوبەش و تێپەڕاندنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، ھاوکات دووپاتیکردەوە لەوەی عێراق ببێتە جەمسەرێک بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ستایشی هەوڵەکانی باڵیۆزی روسیای کرد لە ماوەی ئەرکەکەی لە عێراق دا، کە بەشێوەیەکی باش کاریکردووە بۆ گەشەدانی پەیوەندییەکانی نیوان هەردوو وڵات و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتووی دا، لەو روانگەیەشەوە باڵیۆزی روسیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری و بەهێزکردنی سەروەری عێراق و خواستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لە تەواوی بوارەکان لەگەڵ عێراق دوپاتکردەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە