کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خوێندنی ئۆنلاین لەنێوان سەپاندن و سەرکەوتندا

.

11:48 AM - 21/04/2021

ئەرسەلان پەرۆش

نالەباریی دۆخی تەندروستی و دیسانەوە هەڵکشانەوەی ڕێژەی تووشبوونبە ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی هەرێمی ناچار کرد جارێکی تر دەرگای قوتابخانە و خوێندنگاکان دابخاتەوەو ئەم جارەیان خوێندنی ئۆنلاین بەسەر قوتابیان و خوێندکاراندا بسەپێنێت.
ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ لایەنە باش و خراپەکانی خوێندن بە ئۆنلاین بکەین ئەوا دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ئەو پرۆسەیە نەک هەر سەرکەوتوو نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆی کارەسات و ماڵوێرانی پرۆسەی پەروەردە، ئەو خوێندکارانەشی کە بە فعلی لێی سودمەند دەبن بە پەنجەکانی دەست ئەژمار دەکرێن.
پێش باسکردنی هەر لایەنێکی تر دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەگەر مامۆستا بیت ئەوا بەجوانی لەوە تێدەگەیت کە لەم ڕۆژگاری ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیایەدا چەندزەحمەتە کە تەنانەت لەناو پۆلیشدا بتوانیت خوێندکار بە بەئاگایی بهێڵیتەوەو وانە وبابەتی ڕۆژانەی بەجوانی تێبگەیەنیت، هەڵبەت مەبەست لەم قسەیە پەرت و بڵاوی بیری خوێندکارانە بەهۆی بەردەوام بەکارهێنانی تۆڕە جیاوازەکانی ئینتەرنێت و گەیمەکان و فلم و شەودرەنگخەوتنەوە، کە دواجار هەموو ئەمانە وا لە خوێندکار دەکات کاتێک ڕۆژانە لەناو پۆلدا دادەنیشێت، بەردەوام خەوی بێت و باوێشک بدات و وەک و جۆرێک لە سەرخۆشی لێبێت، مامۆستا کە ئاستەمە ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو لەناو پۆلدا ئەم خوێندکارانە تێبگەیەنێت، ئەی چۆن دەتوانێت لە پشتی پەردەوە(ئۆنلاین) ئاگای لە خوێندکارەکانی بێت و چاوی لەسەریان بێت؟!
ئەی خوێندکار کاتێک بەبێ دوودڵی و هیچ ترسێک لە مامۆستا بەدیار کۆمپیوتەر و مۆبایلەکەیەوە کە سەرچاوەی بەدبەختکردن و لەڕێدەرچوونیەتی دانیشتووە و دنیایەک تۆڕی کۆمەڵایەتی و چات و یاری و بەرنامەی جیاوازی لەبەر دەستدایە، چۆن ئەتوانێت تەرکیز بکاتە سەر مامۆستاکەی و لە وانەکەی تێبگات؟
جگە لەوەش لەڕووی ئابوورییەوە ئەم پرۆسەیە کێشەیەکی گەورەیە بۆ زۆربەی خێزانەکان، چونکە تائێستا لەهەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری هاوڵاتیان توانای بەکارهێنانی ئینتەرنێتیان نییە بەتایبەت خێزانە کەمدەست و هەژارەکان، لەلایەکی تریشەوە ئەو خێزانانە توانای دابینکردنی چەند ئایپاد یان کۆمپیوتەرێکیان نییە، بەنمونە ئەگەر خێزانێک چوار خوێندکاری هەبێت ئەوا دەبێت چوار کۆمپیوتەر یان ئایپادیان بۆ بکڕێت، کە ئەمەش لە توانای ماددی زۆربەی خێزانەکان بەدەرە، هەموو ئەمانەش وادەکات هەموو خوێندکاران و قوتابیان نەتوانن وەک یەک سوود لە پرۆسەکە وەربگرن.
یەکێکی تر لە لایەنە خراپەکانی خوێندنی ئۆنلاین ئەوەیە کە مامۆستا ناتوانێت خوێندکار هەڵبسەنگێنێت، کە نەشتوانێت ئەوە بکات ئیتر چۆن دەتوانێت بیست نمرەی هەڵسەنگاندنی ڕۆژانەی بۆ دابنێت؟
ئەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم کە یەکێکلەو کارەساتانەی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا تووشی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بووە ئەوەیە کەساڵی ئایندە جلێک لە قوتابیان دەچنە پۆلی سێیەمی بنەڕەت، بەڵام تەنانەت پیتەکانی ئەلف و بێی کوردیش ناناسنەوەو نایزانن، چونکە ئەو جیلە ساڵی ڕابردوو خراونەتە بەرخوێندن لە پۆلی یەکەم و دوای ماوەیەک پرۆسەی خوێندن پەکی کەوت و هیچ فێر نەبوون، ئەمساڵیش کە پۆلی دووەمن تائێستا تەنها دوو مانگ دەوام هەبووەو دیسان هیچ فێر نەبوون، ساڵی داهاتووش دەچنە پۆلی سێیەم، بەڵام تەنانەت ڕێنوسی کوردیش نازانن کە ئەمەش بۆخۆی کەوتنی یەکجارەکی پرۆسەی پەروەردەو خوێندنە.
هەرچۆنێک بێت ئێستا لەهەرێمی کوردستان جگە لە پرۆسەی پەروەردە، هیچ شتێکی تر پەکی نەکەوتووە، کافتریاکان، چاخانەکان، چێشتخانەکان، مزگەوتەکان، زۆر شوێنی تری قەرەباڵغ و تەنانەت زانکۆ و پەیمانگاکانیش دەوام دەکەن. لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دنیاش پرۆسەی پەروەردە و خوێندنبەردوامە و دەرگای قوتابخانە و خوێندنگاکان کراونەتەوە، بۆیە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە پێداچوونەوەی جدی بەو بڕیارەدا بکات و پرۆسەی خوێندن بە ئۆنلاین هەڵوەشێنێتەوەو دەرگای قوتابخانە و خوێندنگاکان بەڕووی قوتابیان و خوێندکاراندا بکاتەوە بۆئەوەی لەوەزیاتر ڕەوتی پەروەردە و خوێندن تووشی کارەسات و ماڵوێرانی نەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە