کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

کورد و دێوەزمەی (چەک) و (مایک/ڕاگەیاندن)

.

11:01 AM - 19/04/2021

قادر حسێن
کورد و دێوەزمەی (چەک) و (مایک/ڕاگەیاندن)
        ..........................................................
لەمڕۆدا هیچ شتێک هێندەی (چەک) و (مایک) مەترسی نین  لەسەر کۆمەڵگەی کوردی بە ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە، (چەک) ئەمڕۆ بووە بە بەڵایەکی قورس بە گەردنی خەڵکەوە و هەندێکجار بۆ یەکلاکردنەوەی بچوکترین کێشە پەنای بۆ دەبرێت، هەر لە کێشەی زەوی و زار و پوش و پاوەنەوە تا کێشەی کۆڵان و شەڕەگەڕەک و دەمەبۆڵەی دراوسێ و کێشە لەسەر منداڵ و سەیارە و قەرزو و قۆڵە و کێشەی خێزانیی نێوان  ژن و مێرد و کوڕ و باوک، ئەوەی مایەی نیگەرانی زیاترە ئەوەیە هەندێک جار قوربانییەکان دورو نزیک پەیوەندیان بە کێشەکانەوە نەبووە و کەسانێکی ڕاگوزەر یان ناوبژیکەر بوون، هەر بۆیە هۆکاری هەڵکشانی بەکارهێنانی چەک لە کێشەکاندا هەرچییەک بێت ناکرێت سوک و سانا سەیر بکرێت و ئاسایی وەربگیرێت.
لە کێشەی (چەک) قورستر لەمڕۆدا ئەوەیە کە هەر بەرپرس و پارەدار و خاوەن کۆمپانیایەک هەڵدەسێت کەناڵێکی تەلەفزێۆنی یان کەناڵێک لە سۆشیاڵ میدیا زەق دەکاتەوە و (مایک) دەداتە دەست کۆمەڵێک کوڕ و کچی لاوی بێکار و بەدبەخت و بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەریان دەداتە جەستەی شەکەتی کۆمەڵگەی کوردی(گەرچی ئەم دیاردەیە خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی جیهانییە)، تا ئەو شوێنەی ئەو کەناڵانە هەواڵی بابەتی و پێویست بڵاو دەکەنەوە دەکرێت دەستخۆشییان لێ بکرێت و بەچاوی ڕێزەوە سەیر بکرێن، بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت لە ئێستادا بەشێکی زۆری ئەو کەناڵانە سنوری کار و پیشەی خۆیان دەبەزێنن و دەچنە سنور و مەرزێکەوە دور و نزیک ناکرێت ڕاگەیاندن بەو شێوەیە توخنیان بکەوێت، ئاخر کابرا ماڵی وێران بووە کوڕ یان کچ، ژن یان مێرد و هەندێک جار زیاد لە کەسێکی بە هەر هۆیەک بێت تیاچوە و قوڕ کراوە بەسەریدا و هێشتا جەستەی مردوەکەی سارد نەبۆتەوە و خوێن لەسەر و پێی دەتکێت و کفن و دفن نەکراوە و شین و شەپۆڕێتی و تاساوە و لە خەمی مردوەکەیدا نەک قسە بەڵکو بە هەزارحاڵ هەناسەی پێدەدرێت، کەچی بابای(مایک) بەدەست لە بن لوتیدا حازرە و داوای ئەوەی لێ دەکات کە باسی خوالێخۆشبوی بۆ بکات و هۆکاری مردن و کوشتنەکەی بگێڕێتەوە.
هەر بەوەشەوە ناوەستێت بەخۆی و (مایک) و کامێرایەوە وەک ئەوەی لە ماڵی باوکیدا بێت بەرە و ناو ژنەکان دەکەوێتە ڕێ و دیمەنی گریان و لە خۆدانیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەگوێزێتەوە ماڵی هەمومان، پاشتر دەچێتە سەرقەبران و کامێرا و (مایک) تا گۆڕیچە و بەردی ئەلحەد شۆڕ دەکاتەوە، هەندێکیتریان پێش پۆلیس و لێکۆڵەر(محقق) دەگەنە ماڵی کارەستبارێکی تر و لێی دەپرسن کە کوڕەکەی یان کچ و ژنەکەی بۆچی خۆی سوتاندوە و خۆی کوشتوە لە کاتێکدا کە هێشتا ئاگر بە جەستەیەوەیەتی یاخود لە پانکە و سەقفەکە نەکراوەتەوە، گەر هەر وەڵامیشیان دەست نەکەوت بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ گوێدانە شکۆی کەس و خێزانەکانیان هۆکاری بۆ دادەتاشن و بانگەشەی ئەوە دەکەن یەکەم کەناڵن هۆکارەکانیان ئاشکرا کردوە.
 لەمانەش خراپتر هەندێک لەو مایک و کەناڵانە زوڕنای هەندێک بەرپرس و دەسەڵاتداری ئەم حیزب و ئەو حیزبن و خەریکی سوککردنی یەکتری و سەرقاڵکردنی خەڵکن بە بابەتگەلێکی کۆن و نوێوە کە هی ئەوە نین لە ڕاگەیاندن باسبکرێن و پیشان بدرێن، ترسناکی چەک و مایک لەوەدایە کە هەریەکەیان بۆتە تەواوکەری ئەویتریان بۆ ماڵکاولکردنی خەڵک و دووهەمیان(مایک) خەریکی بازاڕگەرمییە بۆ ئەویتریان(چەک)، ئەوەی بۆی هەیە قوڕەکەش خەستتر بکاتەوە ئەوەیە کە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین و ئەگەر هەیە هەریەک لەو دوانە بێ ڕەحمانە و نابەرپرسانەتر لە چەند مانگی داهاتودا بەکاربهێنرێن(هیوادارم من بە هەڵەدا چوبێتم و ئەمە ڕوو نەدات).
من نامەوێت لەوە زیاتر لەسەری بڕۆم، ئەوندە دەڵێم گەر بەکارهێنانی (چەک) و (مایک) بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت ئەگەر هەیە کۆمەڵگە پڕ بکەن لە ‌کێشەگەلی  سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگی وا کە بە زیان بۆسەر هەموومان بشکێتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە