کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەیامی مەڵبەندی سۆران بۆ ساڵیادی كیمیابارانی گوندەكانی بالیسان و شێخ وەسانان

.

10:44 AM - 15/04/2021

پەیامی مەڵبەندی (٦)ی سۆرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی  (٣٤) هەمین ساڵیادی کیمیابارانی گوندەکانی شێخ وەسانان و بالیسان

خانەوادەو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
فەرماندەو پێشمەرگە دلێرو قارەمانەکان
جەماوەری خۆڕاگر و تێکۆشەری خۆشناوەتی.

(٣٤) ساڵ بەرلەئێستاو لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا ڕژێمی بەعسی ڕەفتار فاشی بە بێ رەوچاوکردنی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکان، بەبەر چاوی هەموو ووڵاتانی جیهان کە بەڵگەی بێ مۆڕاڵی و بێ پەروایی سیاسەتی نێو دەوڵەتی ئەو کاتە بوو ، گەورەترین تاوانی دەرهەق بە خەڵکی سڤیلی دۆڵی بالیسان و گوندەکانی خۆشناوەتی ئەنجامدا، دوای پەلامارو هێرشی سەربازی بۆ سەر خەڵک و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە (١٢) فرۆکەی جەنگی و بە گازی خەردەل و سیانید بۆردومانی شێخ وەسانان و دۆڵی بالیسانیان کردو بۆ یەکەمین جار چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی ‌‌نێودەوڵەتیان، ‌دژ بە خەڵک و دانیشتوانی کورد پەروەرو شۆڕشگێرو خەباتگێری ئەو سنورە بەکارهێنا، کە بەداخەوە دەیان ژن و منداڵ و پیرو پەککەوتەی کردە قوربانی و لە ئەنجامی بۆردوومانەکەشدا (۲٦۳) هاووڵاتی بێ تاوان شەهیدو ‌(٦۲۰) یشیان بریندار بوون و (۷۲) کەڵە پیاوی جوامێرو تێکۆشەریشیان شوێن بزر کران.
. تاوانەکانی پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و راگواستن و سوتان و خاپوورکردنی گوند و ئاواییەکانمان، لاپەڕەیەکی خەمناکن لە مێژووی کاروانی خەباتی نەپساوە و پڕ سەروەری گەلەکەمان و خێراترکردنی هەوڵ و هەنگاوەکان لە بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەیی ئەنفال و کیمیابارانکردن و تاوانەکانی دیکەی دیکتاتۆری بەعسی رووخاو، جیا لەوەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی کەمتر دەکاتەوە، هاوکات ئاوڕدانەوەی جدی لە قەرەبووکردنەوەو پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بە کەسوکاری قوربانیان و کۆی شەهیدانی  کارەساتەکان کە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ٣٤ ساڵی رابردوودا دژ بە گەلی کورد ئەنجام دراوون ، تا ڕادەیەکی دیاریکراو برینەکانیان سارێژ دەبێت .

جەماوەرو گەلی تێکۆشەری کوردستان
 
سیاسەتی شۆفێنی و دیکتاتۆری بەعس دژ بە گەلەکەمان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان  بە تایبەت سەرکردەو فەرماندەو پێشمەرگە و رێکخستنەکان و جەماوەری یەکێتیی گەیشتبووە لوتکە، هەر بۆیەش هەموو هەوڵێکی دا لە پێناو  سڕینەوەی مۆرکی نەتەوەیی کورد و سرینەوەی نەخشەی کوردستانی ئازیزمان، بەڵام ئیرادەی بەهێزو هەستی بەرزی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلەکەمان و هێزی پۆڵاینی پێشمەرگە و جەماوەر بوونە قەڵغان لە بەردەم نیازو پیلانە گڵاوەکانی سەرانی بەعس و لە گۆڕنانی ئامانج و مەبەست و سیاسەتە شۆڤێنییەکانی سەدامی دیکتاتۆر، هەروەک چۆن نەیتوانی جوگرافیای کوردستان بشێوێنێت و مێژووی گەلەکەمان هەڵگێڕێتەوە، نەشیتوانی ناسنامە و شوناسی میللەتەکەمان بسرێتەوە،کە لەسایەیی خەبات و تێکۆشان و فیداکاری و گیانبازی پێشمەرگەو  ڕوباری خوێنی شەهیدان و لەژێر سێبەری گڵکۆی پیرۆزی شەهیدەکانمان، خەباتی ڕەوای گەلەکەمان سەرکەوت ، خەون و خەیاڵە چەپەڵ و داگیرکاری و قڕ کردن و لەناوبردنی میللەتەکەمان  شکستیان هێناو بە دووربینی و حەکیمی سەرۆک مام جلال ، سەدام و دارو دەستەکەی لەگۆڕ نران.

ئەم کارەساتە بەدناوە لەلایەک پەڵەیەکی ڕەشە بەناوچەوانی سەرانی ڕژێمی صدامی گۆر بە گۆر و ئەوانەیشی هاوکاری بوون و ئەوێ رۆژێ بێدەنگیان هەڵبژارد، لەلایەکی دیکەشەوە جێی شانازی و لوتکەی سەربەرزی و قارەمانێتی و خۆڕاگرییە بۆ خەڵکی کوردپەروەری دۆڵی خۆشناوەتی و گەلەکەشمان بە گشتیی.
 لێرەوەو لە ساڵیادی مەرگەسات و تاوانی ئەنفال و کیمیاباراندا، ئێمە لە مەڵبەندی ٦ی سۆران بەڵێنی وەفاداری و دڵسۆزیمان بۆ خەڵک و جەماوەری خۆڕاگری دۆڵی خۆشناوەتی دووپات دەکەینەوە کە بۆ هەمیشە خۆمان بە خزمەتکارو پێشمەرگەیەکی خەمخۆر دەزانین لە ئاست گەورەیی و شکۆی کێلی شەهیدانمان سەری رێز دادەنوێنین، هەروەک داواکارین لە حکومەتی هەرێم و ‌لایەنە پەیوەندیدارەکان لە تەوای بوار و سێکتەرە جیاکانی خزمەتگوزاریدا گرنگی زیاتر بە سنوری ئیداری وکارگێڕی ناحیەی بالیسان بدەن و خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانیان و بریندارانی چەکی کیمیایی لە ئەولەویەتی کارەکانیاندا بێت.

.لە یادی ٣٤ ساڵەی بیرەوەری تاڵی کیمیاباراندا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی قوربانیانی ئەنفال و کیمیابارانی گەلەکەمان دەنێرین.

 هەزاران سڵاوو درود بۆ رۆحی بەرزەفڕی شەهیدانی رێگای ئازادی وسەرفرازی کورد و کوردستان ...
 سەربەرزی و شکۆمەندی بۆ کەس و کاری شەهیدە نەمرەکانمان.

 مــەڵـبــەنــدی (٦)ی ســــۆران
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە