کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەلا بەختیار و حاكم قادر پێشوازیانكرد لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق

.

09:37 - 15/04/2021

مەلا بەختیار و حاكم قادر، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، ئەمڕۆ (13/4/2021) پێشوازیان لە ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و رۆب واڵەر، كۆنسوڵی ئەمریكا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا، مەلا بەختیار، پاش ئەوەی بەناوی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی‌و ئەندامانی ئەنجومەنەكەوە، بەگەرمی بەخێرهاتنی كردن و خۆشحاڵی نیشاندا كە: سەرۆك جۆ بایدن، بە هەڵوێستەكانی بۆ بەدیپلۆماسیی چارەسەری كێشەكان، لەهەوڵدایە و سەبارەت بەرێككەوتنی نێوان عیراق و ئەمریكا، وتی: دەبێ رێككەوتنەكە بگونجێندرێت لەگەڵ دۆخی ناوچەكە، عیراق‌و كوردستانیش.
ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، دەبێ تێبپەڕێندرێت، چونكە هێشتا عیراق رزگاری نەبووە، لەداعش و مەترسییەكانی. بۆیە عیراق و كوردستان، پێویستیان بە رۆڵ‌و پشتیوانی هاوپەیمانان هەیە لەڕووی لۆجیستی عەسكەریی و ئەمنیەوە.
سەبارەت بەڕێككەوتنی عیراق‌و كوردستانیش لەسەر بودجە، مەلا بەختیار، رونیكردەوە كە ئەم رێككەوتنە هەنگاوێكی باشە، بەڵام ئەم بابەتە چارەسەری گشتی نییە لەگەڵ عیراق، بەڵكو كێشەكانی مادەی 140 و پێشمەرگە و جێبەجێكردنی مادە و بڕگەكانی دەستور، چارەسەری گشتین بۆ كۆی كێشەكان.
لەمیانی قسەكانیدا، مەلا بەختیار، روونیكردەوە: دۆخی سیاسی و ئاسایشی عیراق، هەروەها سەرەنجامی هەڵبژاردنی مانگی دە، پەیوەندییان بەدانوستاندنی چارەنوسسازی ئەمریكا و ئەوروپا ‌و ئێرانەوە لەسەر كێشەی ئەتۆمی و گەمارۆی سەپێنراوی سەر ئێرانە.
لەمبارەوە گەیشتن بەڕێككەوتنێكی گونجاو، كاریگەری ئەرێنی لەناو عیراق‌و لەناوچەكەشدا هەیە.
هەروەها لەلایەن خۆیشییەوە، حاكم قادر حەمە جان، تیشكی خستەسەر بایەخی رێككەوتنی ستراتیجی ئەمریكا و عیراق، بەبێئەوەی دۆخی ئەمنی فەرامۆش بكرێت، هاوكات روونیشیكردەوە: یەكێتی و پارتی، پێویستیان بەچارەسەری ریشەیی كێشەكان هەیە. بەتایبەت عیراق پابەندی دەستور نابێ و ئەركە یاساییەكانی جێبەجێ ناكات.
لەبەرامبەریشدا، باڵیۆزی ئەمریكا، بەڕۆشنی قسەی لەسەر گرنگی سەركەوتنی دانوستاندنی ستراتیجی ئەمریكاو عیراق، بەڕەچاوكردنی مەترسییەكانی داعش، كرد. هاوكات پەیوەندی ئەمریكاو هەرێمی كوردستانیشی بەگرنگزانی.
جەختیشی لەسەر چارەسەری كێشە سیاسییەكانی یەكێتی و پارتی و لایەنەكانی تریش كردەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11636 - 27500

سەرەوە