کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بافڵ تاڵەبانی : ئەنفال برینێكی گەورەی نەتەوەكەی ئێمەیەو بۆ هەمیشە لەدڵماندا دەمێنێتەوە

.

10:22 AM - 14/04/2021

ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەوە یادی یەکێک لە خەمناکترین و دڕندانەترین رووداوەکانی مێژوو دەکەینەوە. یادی لەناوبردن، بێسەروشوێنبوون و زیندەبەچاڵکردنی خوشک و براکانمان و وێرانبوونی گوندەکانمان دەکەینەوە.
ئەنفال برینێکی گەورەی نەتەوەکەی ئێمەیە و بۆ هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە.
ئێمە لە سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێزەوە لە گلەیی و ناڕەزایەتییەکانی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفال و رزگاربووانی ئەم تاوانە لەبیرنەکراوە دەڕوانین. دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە هەمیشە خۆم بە کەس و پاڵپشت و هاوکاری هەموو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەزانم. دڵنیاتان دەکەم هەوڵەکانمان لەپێناو خزمەتکردنتان بەردەوام بێت، ئەمەش بە ئەرکی خۆمان دەزانین و لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا دەبین.
داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم دوور لە هەموو درووشم و پیاهەڵدانێک ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری سەربەرز و کۆڵنەدەری شەهیدان و ئەنفالکراوان و رزگاربووان دابین بکات و ماف و داوا ڕەواکانیان جێبەجێ بکات.
دەمەوێت دڵنیایی بە کەسوکاری خۆشەویستی شەهیدان و ئەنفالکراوان بدەم کە رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادەین کە رێگربێت لەبەردەم مافە یاساییەکانتان. تیمی یەکێتیمان لە حکومەت راسپاردووە و هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ ئەو مەبەستە دەگرنەبەر.
سڵاو لە رۆحی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە