کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

من دووازدە مانگ بەڕۆژووم

.

08:23 PM - 13/04/2021

ئەژین عەبدولخالق

من ساڵێ یەک مانگ بەڕۆژی نابم لە تۆزێ خواردن و ئاو، من ساڵی دوازدە مانگ هەوڵدەدەم بە ڕۆژووبم لە هەموو ئەوانەی وا دەکەن نا مرۆڤانە دەرکەوم.

بە دەگمەن، ئەگینا قەت سێ ژەم ناخۆم ، بگره زۆربەی جار یەک ژەم دەخۆم.

من لە بەڕۆژوو بوونم چاوەڕوانی هیچ پاداشت و حۆری و شەرابی بەهەشتێک نیم، من چاوەڕوانم ئەو دونیا ناشیرینەم تۆزێ دادپەروەرانەتر بەڕێوەچێ  بە دەست مرۆڤ.

لەوەتەی قۆناغی مناڵی و هەرزەکاریم تێپەڕاندوە، بە ئەنقەست نەمویستوە ئازاری کەس بدەم.
زۆر ئاسانیش بەدەممدا دێت داوای لێبووردن بکەم.

بڕوانامەی بەرزم هەیە لەبواری ئاین و تیۆلۆجیا، بەڵام قەت ڕۆژێ هەوڵمنەداوە بە جلێکی گرانبەها وەک شارەزاێکی ئاینی دەرکەوم، و ئاین بکەمە سەرچاوەێک بۆ پەیداکردنی مووچەو پارە.

من بۆ ئاژەڵێک، مرۆڤێک لە ڕەنگ و ئاین و ئاکاری جیاواز  گریاوم لە هەر کوێیکی ئە  دونیایە بووبێ، هەندێکجار بۆ سووتانی دارستانێک گریاوم، و بە جێگای ئەوە چەندین نەمامم لە شوێنیتر چاندووە.

زۆرجار  گەر پارەم پێ نەبووبێ بیدەمە کەسێکی کەمدەرامەت، بەڵام وەک مرۆڤ ڕێزم گرتووەو سڵاوێکی پڕ ڕێزم لێکردووە کاتێک بە تەنیشتیدا تێپەڕبوویم.

جلەکانی خۆم و منداڵەکەم سەدا نۆوەدی هی دەستی دوون، نەک تەنیا لەبەر  نرخەکەی، بەڵکو  دەمانەوێ هێندە مۆڕاڵمان هەبێ کە بوێرین جلی مرۆڤێک لەبەرکەین کە لەوەیە هەڵگری نەخۆشی بووبێت و پێش ئێمە لەبەری کردبێ، یان ڕەنگ و پێست و ئاینێکیتری هەبێ، یا لەوەشە مردبێ.

 جلی ئەو کارگانە ناکڕین  کە  پێستی ئاژەڵ بەکاردەهێنن، یانیش کرێکارەکانیان وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ.

ئێمە خواردن فڕێنادەین،  هەفتەی چەند ڕۆژێکیش هەوڵدەدەین خواردنی  زۆر سادە بخۆین. بۆ ئەوەی لەشمان نەبێتە بار بەسەر ئەو هەسارەیەی کە دووقاتی توانای خۆی مرۆڤی هەڵگرتووە.

من لە مناڵێک زیاترم دروست نەکرد، بۆ ئەوەی پەشی چەندین مناڵیتری هەژار نەچێتە قوڕگی منداڵی من.

من و کچەکەم لە شەست مەتر دەژین، بۆ ئەوەی پانتایی زۆرتر بمێنێ بۆ ئەو مرۆڤانەی لە دەوور و پشتمانن.

ساڵانە سی و دوو  لە سەدای مووچەکەم دەچێ بۆ دەوڵەت و دەوڵەتیش دەیدات بەو بێ دەرامەتانەی پێویستیان پێیە.

بە سێ بڕوانامەی جیا و چەندین کتێب، خاوەنی تەنیا یەک موچەم کە لە مانگێکدا زیاتر لە سەد و شەست سەعات کاری بۆ دەکەم.

من لە هەموو ئەو کارانە بەڕۆژووم کە وا دەکەن مرۆڤ نەبم، تەنیا یەک مانگیش نا، بەڵکو دوازدە مانگ لە ساڵێکدا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە