کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

برایم ئەحمەد ئەو پیاوەی شایستەی پەیکەری ئاڵتونییە

.

02:49 PM - 08/04/2021

برایم ئەحمەد ئەو پیاوەی شایستەی پەیکەری ئاڵتونییە

بابەكر دڕەیی

(بە بۆنەی چاپکرانەوەی گۆڤاری گەلاوێژ و صرخە کردستان (٥و ٦ی نیسان) و خەڵاتی بلە (۸ی نیسان)
برایم ئەحمەد یەکێکە لەو پیاوە دەگمەنانەی گەلی ئێمە کە خەریکە ململانێ سیاسیەکان و بەرژەوەندە حزبیەکان لەو مافە زۆرەی کە ئەو بەسەر تاقمی ڕۆشنبیر و سیاسی وڵاتەکەوە هەیەتی  بێبەشی دەکەن.
ئەگەر کەسێک دەیەوێت برایم ئەحمەد بناسێت دەبێ لە گۆڤاری گەلاوێژ و لە وتاری سەرەتای ژمارە یەک ەوە دەست بە ناسینی بکات... لەوێدایە کە ئەندێشەی ڕەسەن و فکری خاۆێن و عەقڵی نەترسی بلەی بۆ بەرجەستە ئەبێت... لەو دو لاپەڕە کەمەدایە کە تێ ئەگەی نیەتی ڕۆشنبیرانە مانای چیە و پەرۆشی بۆ زمان بە چ واتایەکە و خواستی پێشخستن و ڕیفۆڕمی کۆمەڵایەتی چ ڕەهەندێکی ماناداری هەیە...
کاتێک برایم ئەحمەد وتاری سەرەتای بۆ ژمارە یەکی گۆڤاری گەلاوێژ نوسیوە تەمەنی تەنها ۲٥ ساڵ بوە!  بۆیە دەکرێ ئێستاش دوای تێپەڕینی ۷۸ ساڵ بەسەر نوسینی ئەو پێشەکیەدا برایم ئەحمەد خەڵاتی ئاڵتونی لە پێشبڕکەی نوسینی کورت و مانادار و پوخت دا وەدەست بێنێ...
دەڵێن ئینسانەکان و حزبەکان هەمیشە لە چەپەوە بەرەو ڕاست دەڕۆن... لە شەڕکردن بۆ گۆڕینی جیهان و کۆمەڵگاوە دەترازێن بەرەو شەڕکردن و داکۆکی لە بەرژەوەندی شەخسی و گروپی خۆیان...
لە مێژودا هەزاران نمونەی جێهێشتنی سەنگەری پرەنسیپ و ئەخلاق و عەدالەتمان بیستوە و بینیوە،...
بەڵام برایم ئەحمەد چۆن دەستی پێکردوە، تا کۆتایی بە ڕادیکالی و سەرسەختی ماوەتەوە و بە ئەندازەی تاڵە مویەک لە پرەنسیپەکانی خۆی کە بریتی بون لە تێکۆشان بۆ مافی نەتەوەیی و عەدالەت و یاساسەروەری لاینەداوە و پیری و پەراویزبون و ئاوارەیی و غەریبی عەزمی ئەویان نەشکاندوە و سەنگەری هەژارانی بەرنەداوە...
سڵاو لە ڕوحی ئەو جوامێرەی هێشتاش زۆرێک نایناسن و هەندێک لە گۆڕیشدا لێی ئەترسن و ژمارەیەکیش لە سەرەتای دورکەوتنەوەن لە ڕێبازە پیرۆزەکەی...
لە خوارەوە وێنەی نوسینەکەی مامۆستا برایم ئەحمەدتان ئەخەینە بەرچاو...
دەسخۆشی ئەکەین لەو بەڕێزانەی سەرلەنوێ گۆڤاری گەلاوێژیان زیندوکردەوە و دڵی ئێمەیان پێ ڕوناک کردەوە...
سڵاو لە برایم ئەحمەدی مەزن کە وەک سەرکردە گەورە و نەمرەکانی جیهان هەر دژایەتی ئەکرێت، بەڵام ئەو لە گەورەبوون و نەمری ناکەوێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە