کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بافڵ تاڵەبایی: مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد سیاسییەکی بیرتیژ و دووربین و قەڵەمێکی پڕ لە ورە و رۆشنبیرێکی نوێخواز بوو

.

09:52 AM - 08/04/2021

ئەمڕۆ 21 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای خەباتی سیاسی، کوردایەتی، رووناکبیری و رۆژنامەگەری، مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد تێپەڕدەبێت.

مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد یەکێکە لە سیمبولەکانی سیاسەت، نیشتمانپەروەری، رۆشنبیری و رۆژنامەگەری کوردستان لە سەدەی رابردوودا. سیاسییەکی بیرتیژ و دووربین، قەڵەمێکی پڕ لە ورە و رۆشنبیرێکی نوێخوازی میللەتەکەمان بوو. لەپێناو کوردستان و سەربەرزی خەڵکەکەی دەژیا.

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە ژیانی سیاسیی خۆیدا بڕوای بە بیری نەتەوەیی و نوێگەری هەبوو. هەر ئەمەش وایکرد کاتێک بە سکرتێری پارتی ھەڵبژێردرا، بناغەیەکی نوێی بۆ حیزبایەتی دانا و رۆحێکی نوێی بە جووڵانەوەی سیاسی و خەباتی کوردایەتی بەخشی. ئەو رۆحییەتە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بوو بووبە هەوێنی سیاسەتی پارتی و وایکرد کۆمەڵانی خەڵک بەپیر ئەو حیزبەوە بچن و پێشوازی لێبکەن. خەڵکی کوردستان بە رۆحێکی خۆنەویستی و شۆڕشگێڕانەوە پێشوازییان لە هەوڵەکانی مامۆستا دەکرد و  وەک رابەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری تەماشایان دەکرد. ئەو بوو بیروبۆچوونە جیاوازەکانی کۆدەکردەوە و تۆوی نیشتمانپەروەری لە رێکخستنەکانی حیزب و دڵی خەڵکی کوردستاندا چاند و پارتی دیموکراتی کردە حیزبێکی گەورە و کاریگەر لە کوردستان.

ئەمڕۆ کە یادی ئەو ڕابەرە نەتەوەییەی کورد دەکەینەوە، لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بە خەبات و بیری نیشتمانی و نوێگەری مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەدە بۆ سیاسەت و حوکمڕانی، پێویستمان بەو توانا بێسنوور و دونیابینی و رۆشنبیرییە فراوانەی ئەوە بۆ یەکخستنەوەی ھێز و تواناکان بۆ گەشەپێدانی رۆشنبیری لە ھەموو کایەکانی ژیان. بەڵێن دووپاتدەکەینەوە ئێمە بە ئەمانەتەوە درێژەی پێدەدەین و دەیبوژێنینەوە. بە شوێنپێی ئەودا دەڕۆین و وانەکانی دەکەینە چرای ژیانمان.

یاد و یادەوەریت ھەمیشە بەزیندوویی لە دڵماندا دەمێنێتەوە مامۆستای گەورە
ھەزار سڵاو لە گیانی پاکی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد و شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە