کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

داخستنی کەناڵەکان وەک چارەسەر

.

10:00 PM - 07/04/2021

داخستنی کەناڵەکان وەک چارەسەر

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەوەی تاکو ئێستا بینەری ئێمە لێی تێناگات، جەنگی کەلتوورەکان و شەڕی شاراوە و هێزی نەرمی ناو پێکدادانە کەلتوورییەکانە لەمیدیادا کە هەندێک بەرنامەی بیانی لەڕێگای کەناڵی بەناو کوردی و بەڕووخسار بیانییەوە هاتۆتە کوردستان و جەنگی کەلتوور و زمان و ئەخلاق و فەرهەنگمان لەگەڵ دەکات، تاکو بینەری کورد لەم جەنگانە تێنەگەیەنرێن، کارەساتەکە بۆسەر خێزان و کۆمەڵگای کوردی بەردەوامە.

داخستنی سێ بەرنامەی یەک میدیا، ئەگەر بۆ (کاتی) بێت هیچ سوودێکی نابێت، چونکە ئەم بەرنامانە ئەوەندە کاریگەری نەرێنیان هەبووە لەسەر بەشێکی بینەری کورد بەماوەیەکی کەم داخستن لە بیری بینەرە تایبەتەکانیان!! ناچنەوە و دوورنییە دەنگێکی ناوخۆییش داوای کردنەوەی بەرنامەکان بکات و دەستێک لەپشتەوە دنەی بینەری تیڤییەکە بدات بێنەدەنگ و دووبارە دەست بە پەخش بکەنەوە، چارەسەری هەمیشەیی و دوورخستنەوەی ئەم بەرنامانە لەناو خێزانی کوردی بۆ هەمیشە، بەوە دەبێت بۆ هەمیشە کەناڵەکە دابخرێت.

نەک هەر ئەم کەناڵە، تەنانەت زۆر کەناڵی دیکەش هەقە دابخرێت و لە کۆڵی خێزانی کورد و عەقڵی تاکی کوردی بکرێتەوە، ئەو کەناڵەی درامای شمشێربازی و شەڕ و خوێنڕشت و .... هتد پیشان دەدات، هەمان کاریگەری نەرێنی هەیە و هەقە ئەویش دابخرێت.

ئەو کەناڵە کوردیانەی شیکاری سیاسی درۆ! و چەواشەکاری بڵاودەکەنەوە و میللەت بە نەزان و گیل و دۆگما دەزانن، ئەوانەش هەقیان داخستنە و دەبێت ڕێگریان لێبکرێت لەپای ژەهر دەرخوارددانی کۆمەڵگەدا.

ئەگەر وەزارەتی ڕۆشنبیری بیەوێت هەم میدیای کوردی ڕێکبخاتەوە و هەم کۆمەڵگا لە مەترسی میدیا بپارێزێت، دەبێت زۆربەی کەناڵە کوردییەکان دابخات و مەرجی قورسیش بۆ زۆر کەناڵی دیکە دابنێت کە ڕێگە نەدات کەناڵەکان بەویستی خۆیان وەشان بکەن و گوێ بەواقیعی کۆمەڵگای کوردی نەدەن.

هەرگیز لەگەڵ داخرانی کەلتووری نیم و لەجەنگی کەلتوور و فەرهەنگەکانیش تێدەگەم، بەڵام پاراستنی کەلتوور و بەرگری کردنیش لەکەڵچەرو کەلتووری کوردی، پێش هەر شتێک بە وەزیفەی میدیا کوردییەکان دەزانم.

هەر کەس و وەزارەت و لایەن و میدیایەکیش گرنگی بە کەڵچەر و فەرهەنگی کوردی بدات، مایەی دەستخۆشییە و تێگەشتنیشە لەواقیعی کۆمەڵگای کوردی، بەپێچەوانەیشەوە هەندێک بەرنامە و تیڤیش وایانکرد بینەری کورد لەمیدیای کوردی بتۆرێن و دووربکەونەوە.
بۆیە داخستنی کەناڵەکان هەم چارەسەری ڕێکخستنەوەی میدیا و هەم دوورخستنەوەی خێزانە لەتێکچوون و هەڵوەشانەوە، پاشانیش ئاشتکردنەوەی بینەری کوردە لەگەڵ میدیای کوردی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە