کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە ساڵیادی بوونی مام بە سەرۆك كۆمار

.

04:15 PM - 06/04/2021

لە ساڵیادی بوونی مام بە سەرۆك كۆمار

ئەمڕۆ شانزە ساڵ تێپەڕدەبێ بەسەر هەڵبژاردنی مام جەلال بە سەرۆك كۆماری عێراق، ئەو ڕۆژەی لە كەشێكی دیموكراسی و لەدوای رووخانی ڕژێمی بەعس سەركردەیەكی كورد بوو بە یەكەم سەرۆك كۆماری كورد لەمێژوودا.

لەم یادەدا، لەو ڕۆژەی كە مام جەلالی هەموو كورد، ئەو مام جەلالەی كە لێبووردنی بەعس تەنهاو تەنها ئەوی نەگرتەوە، بوو بە سەرۆك كۆماری عێراق و لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا چەتری كۆكەرەوەی هەموو عێراقییەكان بوو، ستراتیژو پلانی عێراقێكی دیموكراسی و فیدرالی و پێكەوەژیانی بەبێ جیاوازی داڕشتبوو و كاری بۆ دەكرد، خەونی بوو عێراقی دوای رووخانی ڕژێمی بەعس عێراقێكی دیموكرات و فیدرال بێ و هەموو عێراقییەكان لە سایەی بحەسێنەوە.
ئەمڕۆ كە ساڵیادی ئەم ڕووداوە گرنگە مێژوویە دەكەینەوە، لە كوردستان و عێراق لەهەموو كات زیاتر پێویستمان بە حیكمەت و سیاسەتەكانی مام جەلال هەیەو پێویستە هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببنەوەو چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان بكەن و كوردستان و عێراق بگێڕینەوە سەر ئەو ڕێچكە ڕاستەی كە مام جەلال و هەڤاڵەكانی خەباتمان بۆی كرد.
٦ی نیسان، ساڵڕۆژی هەڵبژاردنی مام جەلال بە سەرۆك كۆماری عێراق بە دەرفەت دەزانم بڵێم: ئەو ڕۆژە بۆ هەموو كوردێك مایەی شانازییە، بۆ من وەك هاوڕێ و هاوخەباتێك مایەی شانازییەكی گەورە بوو كەدوای ساڵانێكی زۆر لە خەبات مام جەلالی براو هەڤاڵی خۆم لەسەر كورسی سەرۆك كۆمار بینی، ئەو مام جەلالەی لە ئەشكەوت و گوندو دێهاتەكانی كوردستان خەباتی نهێنی دەكردو دەجەنگاین لەپێناو ئازادی و دیموكراسی و ڕزگاركردنی عێراق لە حوكمی دیكتاتۆری، دواجار مام جەلال بوو بە سەرەڕمی ئەو ئازادییەو یەكەم سەرۆك كۆماری كوردیش بوو ناوی چووە مێژووی بنیاتنانەوەی عێراق و ڕزگاركردنی كوردستان.

كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە