کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەسەندكردنی بودجەی عێراق متمانەی هاوڵاتییانی بە (ی.ن.ك) زیاتر كرد

.

11:32 AM - 06/04/2021

 سەردانەكانی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشە ئەوەندە زۆر بوو كە ببووە جێگەی رەخنە و توانجی بەشێك لە هاوڵاتییان و حزب و لایەنەكانی دیكە، بەڵام ئەوەی كە باوەڕی پتەوی بەو سەردانانە و بەدەستهێنانی دەرەنجامێكی باش هەبوو لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق، هاوسەرۆكایەتی یەكێتی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و خودی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی دانوستانكار بوو. پێشتر یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوسەرۆكەكانی چەندین جار تەئكیدیان لەوە كردەوە كە تەنها رێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم لەم كاتەدا گەڕانەوەیە بۆ بەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێك بەجیا سەردانی بەغدای پایتەختیان كرد و لەگەڵ سەركردە باڵاكانی عێراق و حزب و لایەنە سیاسییەكان دیدار و كۆبوونەوەی گرنگیان ئەنجامدا. سەرەنجام هەوڵەكانی یەكێتی سەری گرت و رێكەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی و پەسەندكردنی بودجەی 2021ی عێراقی لێكەوتەوە، كە ئەوەش سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ یەكێتی و وەڵامێكی بەجێشە بۆ هەموو ئەو گومان و تۆمەتانەی كە لە ماوەی رابردوودا ئاراستەی دەكران، جگە لەوەش هەنگاوێكی باشە بە ئاراستەی زیاتربوونی متمانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هەنگاوەكانی بە ئاراستەی چارەسەركردنی ئەو قەیران و كێشانەی كە لە هەركاتێكدا دێنە پێش، چونكە ئەو رێكەوتنە بەشێكی زۆر لە كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێم بەتایبەتیش كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات، كە ئێستا ئەوانە خەمی گەورەی هاوڵاتییانی هەرێمە و دەنگیان لەپاڵ دەنگی هەر حزبێكە كە بتوانێت ئەو كێشانە چارەسەر بكات، ئەو پشكەش لە ئێستادا بەهۆی ئەو رێكەوتنەوە بەر یەكێتی كەوتووە. جیا لەوانەش جوڵانەوەكانی قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی وەفدی دانوستانكار و پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی نەرم لە گفتوگۆكانیدا و سەرەنجام رازیكردنی لایەنە عێراقییەكان بە رێكەوتن بووە جێگەی ستایشی زۆریك لە وڵاتانی دەرەوەش، هەربۆیە هەریەك لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و كونسوڵگەری گشتی بەریتانیا لە هەرێم راگەیەنراوی تایبەتیان لەبارەی رێكەوتنەكەوە بڵاوكردەوە و تیایدا ستایشی تایبەتی قوباد تاڵەبانییان كرد. ئەرسەلان پەرۆش

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە