.
12:09 PM - 28/03/2021
حەبێك شێرپەنجەی ریخۆڵە دەستنیشان دەكات
زانایانی بەریتانی گەشەیان بە جۆرە حەبێك داوە كە كامێرایەكی زۆر بچووكی پێوە بەستراوە و دەتوانێت گرێ شێرپەنجەییەكانی ناو ریخۆڵە دەستنیشان بكات.
سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای گەشەپێدەری ئەو حەبە، ئاماژەی بەوە داوە كە گەشەپێدانی حەبەكەیان بە شۆڕشێكی زانستیی گەورە دادەنرێت لە بواری دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی ریخۆڵەدا و ئاشكراشیكردووە، داهێنانەكەیان دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخان بۆ ئەو كەسانەی بەدەست نیشانەكانی شێرپەنجەی ریخۆڵەوە دەنالێنن.
ئەو لێپرسراوە هەروەها دەڵێت: ئەو حەبە ناونراوە كامێرای شێرپەنجە و نەخۆش یان ئەو كەسەی گومانی شێرپەنجەی لێدەكرێت، قووتی دەدات و كامێراكەش كە بەستراوە بە شاشەیەكی گەورەی تایبەتەوە لە كۆئەندامی هەرسەوە دەچێتە ناو ریخۆڵەكانەوە و دەگەڕێت بۆ نیشانەكانی ئەو نەخۆشییە و وێنەی دەگرێت و لە ماوەی (5) سەعاتدا ئەنجامی دڵنیاكەرەوە دەداتەوە بە ستافی پشكنینەكە».
روونیشیکردۆتەوە کە تائێستا دەستەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لەو حەبەیان بۆ (11) هەزار نەخۆش لە سەرانسەری وڵاتدا دابینكردووە بە مەبەستی تاقیكردنەوەی و لەكاتی سەركەوتنی ئەو تاقیكردنەوانەشدا، ئیدی ئەو داهێنانە كۆتایی بە رێگە باوەكەی دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی ریخۆڵە دەهێنێت كە بە (هەناوبینی كۆلۆنی گریمانەیی) دەناسرێت و چیتر پێویست ناكات كەسەكە تیشكی (X)یش بگرێت.
پسپۆڕەكە باسی لەوەشكردووە رەنگە دەستەی خزمەتگوزاریی تەندروستی نیشتمانی یارمەتیدەر بێت بۆ دەستنیشانكردنی كارە لە پێشینەكان و ناساندنی ئەو نەخۆشانەی پێویست دەكات بە پەلە شیكاریی و پشكنینی دیكە بكەن ئەگەر دەركەوت شێرپەنجەی ریخۆڵەیان هەیە.
جێگەی ئاماژەیە، لە بەریتانیادا شێرپەنجەی ریخۆڵە بە چوارەم جۆری شێرپەنجە باوەكان دادەنرێت و ساڵانە (42) هەزار حاڵەتی نوێ تۆماردەكرێت.
سەرچاوە كوردستانی نوێ
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە