کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لاهور شێخ جەنگی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد

.

02:25 PM - 28/02/2021

 ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ـی٢ـی٢٠٢١ لە شاری سلێمانی، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پێشوازی کرد لە کلێمێنس زێمتنەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان. لە دیدارێکدا کە هەریەک لە د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و سەركەوت محەمەد غەفور لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامادەی بوون، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا دەربارەی بارودۆخی گشتی و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. لە سەرەتای دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی ئەڵمانیا کرد لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لەو ئەرکەی کە هێزی سەربازیی ئەو وڵاتە بینیویەتی لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش و پێزانینی خۆی دووپاتکردەوە بۆ گەل و حکومەتی ئەڵمانیا کە هاوکاریی هەرێمی کرد لە دابینکردنی چەک و پێداویستیی سەربازیی و ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە. لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە بەردەوامیی هەوڵەکان کرد بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی و جەختیکردەوە کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هانی هەردوولا دەدات بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە کە تیایدا پشکی هەرێم لە بودجەدا دیاری بکات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم زامن بکات و چیتر قووت و بژێویی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێم نەکرێتە قوربانیی ململانێ و بەرژەوەندییە تایبەتەکان. وتیشتی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تەنیا بۆ بودجە نییە، بەڵکو فاکتەرێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان، هاوکات قەوارەی هەرێمیش بەهێزتر دەکات. لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ ئازادیی ڕادەڕبڕین کرد لە هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە دروشمە سەرەکییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و لەو ڕووەوە جەختیکردەوە لەسەر فەراهەمکردنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین و مامەڵەکردنێکی مەدەنی و شارستانییانە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە پێناو پەرەپێدان و بەهێزکردنی پایەکانی ئازادی و دیموکراسی لە هەرێمدا. لە بارەی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش بۆ کێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا، لاهور شێخ جەنگی دوپاتیکردەوە کە یەکێتیی پێی وایە ئەو پرسە بە ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت و بژاردەی شەڕ و پەنابردنە بەر ڕێگەی سەربازیی کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات. کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی کرد بۆ هەڵوێست و تێڕوانینە واقیعییەکانی لەبارەی ئەو پرسانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کراو و هاوڕایی خۆی بۆ دووپات کردەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە