کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لاهور شێخ جەنگی پێشوازی لە سەرۆکى دیوانى وەقفى سوننى و وەفدێکی هاورێیی کرد

.

01:16 PM - 27/02/2021

لاهور شێخ جەنگی پێشوازی  لە سەرۆکى دیوانى وەقفى سوننى و وەفدێکی هاورێیی کرد

ئەمڕۆ شەممە ٢٧ـی٢ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە د.سەعد حەمید کەمبەش، سەرۆکى دیوانى وەقفى سوننى و وەفدێکی هاورێی.
لە دیدارێکدا کە هەریەک لە سالار عبدولستار وەزیری دادی حکومەتی فیدراڵ و د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئامادەی بوون، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی تەبایى و پێکەوەژیانی ئایینی، لێبوردەیى، سەقامگیرى و بەشداری و هاوبەشیى هەموو پێکهاتەکان لە جومگەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنى وڵاتدا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکى دیوانى وەقفى سوننی کار و چالاکییەکانیان بۆ لاهور شێخ جەنگی باسکرد و خۆشحاڵیى خۆیان دەربڕی بۆ ئەو هاوکاریکردن و هەمئاهەنگییەی کە هەیانە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.
سەرۆکی وەقفی سوننی سوپاس و پێزانینى خۆی بۆ لاهور شێخ جەنگی و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دووپات کردەوە کە لە کاتی شەڕی داعش پێشوازییان لە ئاوارەکانى ناوچە سوننییەکانى عێراق کردووە و هەموو هاوکارییەکیان پێشکەش کردوون.
لای خۆیەوە لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە ڕۆڵی کاریگەری دیوانی وەقفی سوننی کرد لە بواری زانستی و ئەکادیمی گرنگیدان بە ئاوارەکان و کەمکردنەوەی ئێش و ئازاری خانەوادەکانیان کە بە هۆی لێکەوتەکانی شەری داعش زیانیان بەرکەوتووە.
ڕاشیگەیاند کە وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەوەی پێشکەشی ئاوارەکانمان کردووە بە ئەرکی نیشتیمانی و مرۆیی خۆمان زانیوە و بەردەوامیش دەبین لە پشتگیری کردن و هاوکاریکردنی دیوانی وەقفی سوننی بۆ هەر کار و چالاکی و پرۆژەیەک کە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عێراق ئەنجامی دەدەن.
داواشیکرد دیوانی وەقفی سوننی گرنگی بە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بدات بە تایبەت لە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی مزگەوت و قوتابخانە و ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکان کە بە هۆی شەڕی داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆکی وەقفی سوننی سوپاسی لاهور شێخ جەنگی کرد بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە دەیبینێت لە بەھێزکردنی یەکڕیزیی نیشتیمانی و نزیککردنەوەی دید و بۆچوونە جیاوازەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە وڵاتدا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە