.
06:16 PM - 25/02/2021
وەزارەتی نەوت پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكات
وەزارەتی نەوت عێراق پێداچوونەوە بە دوایین كۆپی پرۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵیدا دەكاتو دوای پەسەندكردنی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەكات.
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، لە كۆبوونەوەی دەستەی ڕاوێژكاری وەزارەتی نەوت، كە رۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوو، گفتوگۆ و پێداچوونەوە بە دوایین كۆپی پرۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی كرا.
تەئكیدیشی كردەوە، دوای ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی نەوت، پێداچوونەوەیان بۆ دوایین كۆپی پڕۆژەیاساكە كرد، رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەكەن، لەوێش پێداچوونەوە بۆ پرۆژە یاساكە دەكرێتو دواتر رەوانەی پەرلەمانی عیراق دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی.
وەزیری نەوتی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی نەوت سوورە لەسەر پەسندكردنی ئەو یاسایە، كە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی پیشەسازیی نەوت و گازو زیادبوونی وەبەرهێنان لە سامانی نیشتمانی عێراقدا.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەدوای ساڵی 2007وە 3 پڕۆژەیاسای تایبەت بە نەوتو گاز ئامادەكراون، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدڕاڵی، لەسەر بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت، تاوەكو ئێستا ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند نەكراوە.
ئ.خ
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە