کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لۆكاس ڤاسكێز بریار لەسەر داهاتووی خۆی دەدات

.

04:11 PM - 25/02/2021

راپۆرتێكی رۆژنامەوانی ئیسپانی ئاشكرایكرد: لۆكاس ڤاسكێزی ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید ماوەیەكی بۆ خۆی دیاریكردووە تا بریار لەسەر داهاتووی بدات، گرێبەستی ڤاسكێزی تەمەن 30 ساڵ لەگەڵ ریاڵ مەدرید كۆتایی ئەم وەرزە تەواو دەبێت هاوشێوەی سێرجیۆ رامۆس، بەڵام هەنگاوەكانی مێرینگی هاوتا نییە لەگەڵ ئەو گرنگیانەی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی كاپتنی یانەكە دەدرێت.
بەپێی زانیاریەكانی ئێزگەی كادیناكوپی ئیسپانی: ڤاسكێز ئەو داوایەی رەتكردۆتەوە كە لەلایەن ریاڵ مەدرید پێشكەشیكراوە و تا ئەم كاتەش یانەكە هیچ پێشنیارێكی تری بۆ نەكردووە.
ریاڵ مەدرید پێشنیاری بۆ ڤاسكێز كردووە گرێبەستەكەی بۆ ماوەی 3 وەرز نوێ بكاتەوە بە هەمان ئەو مووچەیەی ئێستا وەری دەگرێت كە دەگاتە 3 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ بەڵام ئەوە جێگای رەزامەندی ئەو یاریزانە نەبووە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكردووە: ڤاسكێز بریاریداوە لەمانگی داهاتوو بریار لەسەر داهاتووی خۆی بدات لەبارەی مانەوەی یاخود چونی بۆ یانەیەكی تر.
جێی باسە یانەی ئیڤەرتونی ئینگلیزی گرنگی بەگواستنەوەی ڤاسكێز دەدات بەهۆی ئەوەی كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ئەو یانەیە زۆر باش لە شێوازی یاریكردنی شارەزایە بەڵام ئیڤەرتون بەتەنها نییە بۆ ئەم هەنگاوە بەڵكو یانەی میلانی ئیتاڵیش بەهەمان شێوە گرنگی پێ دەدات و دەیەوێت سیناریۆی سەركەوتنی گرێبەستی سیۆ هیرناندیز دوبارە بكاتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە