کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پێنتاگۆن: سزاكانی سەر ئەنكەرە بەردەوام دەبێت

.

02:51 PM - 25/02/2021

سەرەڕای هەوڵەكانی ئەنكەرە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیدارەی نوێی واشنتۆن، بەڵام تائێستا سزا سەپێندراوەكانی سەر ئەنكەرە لەلایەن واشنتۆنەوە هەڵنەگیراون.
 لەو چوارچێوەیەدا جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) باسی لە بڕیاری حكومەتی وڵاتەكەی بۆ راگرتنی بەشداریپێكردنی فڕۆكەوانە توركییەكان لە پڕۆگرامی فڕۆكەی ئێف 35 كرد و رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی توركیا لەبڕیاری كڕینی سیستمی مووشەكی ئێس 400 روسی پاشگەزنەبۆتەوە، سزا سەپێندراوەكانی واشنتۆن بەسەر ئەنكەرەدا بەردەوامە.
وتەبێژی پێنتاگۆن وتیشی: لە 10 ساڵی رابردوودا چەندین جار هەل بۆ توركیا رەخساوە سیستمی بەرگری مووشەكی پاتریۆت لە ئەمریكا بكڕێت، بەڵام توركیا سیستمی بەرگری مووشەكی لە روسیا كڕی.
ئاماژەی بەوەشكردووە: تا پاشگەزبوونەوەی ئەنكەرە لەبڕیاری كڕینی ئەو سیستمە مووشەكییە روسییە، ئەمریكا وەك هەڕەشە بۆ سەر سیستمی سەربازی ناتۆ لێی دەڕوانێت، سزا سەپێندراوەكانی سەر ئەنكەرە بەردەوام دەبن.
لای خۆیانەوە میدیاكانی توركیا هەوڵێكی حكومەتی ئەنكەرەیان ئاشكراكردووە بۆ گەڕانەوە بۆ پڕۆگرامی تایبەت بە فڕۆكەی ئێف 35 و رایانگەیاندووە: كە بۆ ئەو مەبەستە توركیا گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی پارێزەرانی نێودەوڵەتی كە بارەگاكەی لە ئەمریكایە ئیمزاكردووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە