کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

حكومەتی عیراق لە كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەكۆڵێتەوە

.

07:32 PM - 23/02/2021

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لیژنەیەكی پێكهێنا، بۆ لێكۆڵینەوە لە كاریگەرییەكانی دابەزینی بەهای دیناری عیراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، بەپێی بڕیارەكەش دەبێت لیژنەكە، لە مانگێكدا كارەكانی تەواوبكات‌و ڕاسپاردەكانی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزبكاتەوە.
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی گۆڕینەوەی دۆلاری ئەمریكی، لیژنەكەش لەلایەن نوێنەرێكی وەزارەتی پلاندانانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت‌و ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی دارایی، ئاوەدانكردنەوە‌و نیشتەجێكردن، كارەبا، دەستەی وەبەرهێنان، بانكی ناوەندی‌و یەكێتی بەڵێندەران تیایدا ئەندام دەبن.
بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەكە لە كاریگەرییەكانی دابەزینی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار دەكۆڵێتەوە، بەتایبەت لەسەر پڕۆژەكانی وەبەرهێنان‌و گوزەرانی هاوڵاتیان، هەروەها دەبێت لەماوەی یەك مانگدا كارەكانی تەواوبكات‌و راسپاردەكانی پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران بكات.
حكومەتی عیراق لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2020دا، نرخی گۆڕینەوەی دۆلاری ئەمریكی بەرزكردەوە‌و بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی لە 119 هەزار دینارەوە بۆ 147 هەزار دینار بەرزكردەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە