کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەبێ‌ رێككەوتنی هەرێم و بەغدا پڕۆژەیاسای بودجە تێناپەڕێت

.

07:19 PM - 23/02/2021

پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عیراق بەبێ‌ گۆڕانكاری لە پشكی هەرێمی كوردستاندا، پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق كراوە، پەرلەمانتارانیش دەڵێن، بەبێ‌ رێككەوتنی هەرێم‌و بەغدا دەنگ لەسەر بودجە نادرێت، لەبەرئەوە پێشبینی دەكرێت پەسەندكردنی بودجە بخرێتە هەفتەی داهاتوو.
دیلان غەفور پەرلەمانتاری عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند، دانوستانەكانی نێوان وەفدی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵی، لە كەشێكی ئەرێنیدا بەڕێوە دەچن‌و گەشبینن بەوەی لەچەند رۆژی داهاتوودا بگەنە رێككەوتن‌و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەش بخرێتە نێو بەرنامەی كاری دانیشتنی ڕۆژی پێنج شەممە.
وتیشی، پڕۆژەیاسای بودجە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە‌و پشكی هەرێمی كوردستانیش هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكراوە.
لای خۆشیەوە محاسن حەمدون ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، لیژنەكەیان پڕۆژەیاسای بودجەی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق كردوە‌و چاوەڕوانی ئەوەن ڕۆژێك دیاری بكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت.
وتیشی، كوتلە سیاسیەكان‌و وەفدی هەرێمی كوردستان تائێستا نەگەیشتونە رێككەوتنی كۆتایی، بەڵام پێدەچێت تاكۆتایی ئەم هەفتەیە رێككەوتن بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە تەئكیدیی كردەوە، قورسە بودجەی ئەمساڵ بەبێ‌ ڕێككەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغدا تێپەڕێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت كۆتایی بەو كێشەیە بێت‌و هەفتەی داهاتوو لەنێو پەرلەمانی عیراق، پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بكرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە