کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

عیراق 268 ملیار دیناری پارەی جووتیاران ڕەوانەی هەرێم دەكات

.

04:44 PM - 22/02/2021

وەزارەتی بازرگانی عیراق ڕەزامەندی پیشاندا لەسەر خەرجكردنی نیوەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە بڕەكەی 268 ملیار دینارە.
(نەوزاد شێخ كامیل) بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێم بەگەلی كوردستانی راگەیاند: وەزارەتی بازرگانی عیراق ڕەزامەندی پیشانداوە، لەسەر خەرجكردنی 268 ملیار دیناری شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016، ئەوەش نیوەی پارەكەیە، چونكە كۆی شایستە داراییەكانی جووتیاران زیاترە لە 576 ملیار دینار.
وتیشی، هەر كاتێك ئەو پارەیە گەیشتە بانكەكانی هەرێمی كوردستان، پشكی پارێزگاكان‌و میكانزمی دابەشكردنەكەی بەسەر جووتیاراندا دیاری دەكرێت.
لای خۆشیەوە (كەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەو بڕە پارەیەی دەنێردرێت، هەر جووتیارێك رێژەی لەسەدا پەنجای پارەكەی وەردەگرێت، چونكە ئەو پارەیەی نێردراوە نیوەی ئەو 576 ملیار دینارەیە، كە هێشتا وەك قەرزو شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێم لای بەغدا ماوەتەوە.
سەبارەت بە پارەی گەنمی جوتیارانیش بۆ ساڵی 2020 وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی وتی، ئەو پارەیە هیچ گرفتێكی نیەو  تا ئێستا شەش قۆناغی پارەكە گەیشتووە و لە داهاتووشدا ئەوەی ماوە خەرج دەكرێت

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە