کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە گرفت و داواكارییەكانی كەرتی تەندروستی دەكۆڵێتەوە

.

08:32 PM - 21/02/2021

ئەمڕۆ 21-2-2021، لەهۆڵی خاك لەشاری سلێمانی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی(ی.ن.ك) لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و ژمارەیەك لەبەرێوەبەری نەخۆشخانە و ناوەند و بنكەی تەندروستی و پزیشك و كارمەندانی تەندروستی سنوری پارێزگاری سلێمانی كۆبۆوە.
لەكۆبوونەوەكەدا، كە بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئامادەی بوو، دۆخی ئێستای كەرتی تەندروستی و هەوڵەكان بۆ روبەروبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و هەڕەشەكانی جۆرە گۆڕاوەكەی كۆرۆنا تاوتوێكرا و دكتۆر سەباح هەورامی بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بە رۆڵی بێ وێنە و كاریگەر و پشتیوانییە بەردەوامەكانی سەرۆك مام جەلال و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كرد بۆ سەرخستنی كاروبارەكانی كەرتی تەندروستی، هاوكات داواشیكرد یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەچاوێكی جیاواز و تایبەتەوە پشتیوانی لەم كەرتە گرنگە بكات، دواتر راپۆرتێكی دەربارەی دۆخی ئێستای ئەو كەرتە گرنگەی پەیوەست بەژیانی هاوڵاتیانەوە پێشكەشكرد و ئاماژەی بەگرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی هەوڵەكانیان كردەوە.
لای خۆشییەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەگرنگییەوە لەڕۆڵی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی رووانی و رایگەیاند: ئێوە ئەركێكی گرنگتان لەئەستۆیە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دڵسۆزی و شەونخوونی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی لەبیر ناكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە گرنگە مرۆییە سەرباری نەبوون و لێبڕین و دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە بەتایبەت لەكاتی كەرەنتین و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا ئێوە بەردەوام بوون لەكاركردن و لەریزی پێشەوەی روبەروبوونەوەیدا بوون، بۆیە زۆر زۆر سوپاستان دەكەم و دەستی ماندوبوونتان دەگوشم.
كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وتیشی: پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی تایبەت بداتە كەرتی تەندروستی و بەجێگەیاندنی داواكاریی و پێداویستییەكانی نەخۆشخانەكان و ئامادەسازی پێویست بكات بۆ روبەروبوونەوەی هەر  كێشە و گرفتێكی تەندروستی.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، باسی لەوەشكرد: وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام دەبین لەپشتیوانیكردنی كەرتی تەندروستی و بەپلان و پرۆژەی نوێوە هەوڵی بەبەدیهێنانی ماف و ئیمتیازاتەكانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەدەین لە هەرێمی كوردستان، وتیشی: دوای لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەگرفت و داواكارییەكانتان، بەڵێنتان پێ دەدەم هەمیشە پشتیوانتان بم و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانتان بدەم.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە