کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دادگا و كاریگەری دەسەڵات و جیاكردنەوە لە سیاسەت

.

05:50 - 17/02/2021

دادگا و كاریگەری دەسەڵات و جیاكردنەوە لە سیاسەت
 
ئەوەی كە لە دادگای شاری هەولێردا روویدا شتێكی نامۆ نیە بۆ دادگاییەك كە لە ژێر ركێفی دەستەڵاتدا بێت و بریارەكانی پێشوەختە بۆ دارێژرابێت و دادوەر وەك ئامێرێك تەنها بریارەكە دەخوێنێتەوە و بیر لەو لێپرسراویەتیە مێژووی و مرۆییە ناكاتەوە كە لە ئەنجامی خۆێندەوەی  ئەو بڕیارە دەی بێت.
لێپرسراوێتی لە بەردەم ئەو سوێندەی كە خواردویەتی لە سەرەتای دەستبەكاربوونی وەك دادوەر، لێپرسراوێتی لە بەردەم كەسی تاوانبار و  كەسوكار و مندالەكانی، لێپرسراوێتی بەرامبەر گەل و نیشتیمانەكەی.
لێرەوە جیاوازی نێوان دەستەڵاتی دیموكراسی و دەستەلاتی تاكڕەوی بە شێوەیەكی زەق دەردەكەوێت.
لە دەوڵەتی دیموكراسیدا دەسەڵات بە هیچ شێوەیەك دەستوەردان ناكات لە كاروباری دادگادا و دادگا بە شێوەیەكی سەربەخۆ كاری خۆی ئەنجام دەدات.
لە دوای هەڵبژاردنەكانی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی پار لە ئەمریكا، دوای ئەوەی سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا دۆناڵت ترامپ لە هەڵبژاردنەكاندا دۆڕاندی، هەوڵی زۆری دا لە رێی دادگاوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە قازانجی خۆی بگۆرێت، هەر بۆیە لەسەر ئەنجامی هەلبژاردنەكان زیاتر لە شەست سكاڵای لە دادگا تۆماركرد، بەڵام سەرجەمیان لە لایەن دادوەرانەوە رەتكرانەوە بەهۆی نەبوونی بەڵگە.
ترامپ بەمەشەوە نەوەستا هەوڵیدا لەڕێی دادگای باڵاوە (سوپریم كۆرت /كە لە نۆ ئەندام پێكدێن)، كە ترامپ خۆی لە ماوەی سەرۆكایەتیەكەی سێ لەو دادوەرانەی دەستنیشان كردبوو، هەروەها سیانی تریشیان لە دۆستانی پارتی كۆماریەكان بوون.
هەر بۆیە ترامپ هیوای وابوو ئەم دادوەرانە پشتگیری بكەن و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رەت بكەنەوە. بەڵام كاتێك داواكەی ترامپ گەیشتە دادگای باڵا، نەك هەر پشتگیریان نەكرد بەڵكو گوێشیان بۆ داوەكەی نەگرت.
رێگایاندا بە تیمی پارێزەرانی ترامپ كە سكاڵا لە دادگای باڵا تۆمار بكەن، ئەم ڕووداوە شتێكی سەیر نەبوو لە ئەمریكا لەبەر ئەوەی دادوەرەكان پشت بە یاساو  دەستوور دەبەستن و تەنها پابەندن بەو سوێندەی كە لەبەردەم خەڵكی ئەمریكادا خواردویانە و بەڵێنیانداوە كە لە كارەكانیاندا هیچ كاریگەری سیاسی یان سۆزداری كاریان لێ نەكات، تەنها و تەنها كار بە یاسا و دەستور بكەن، هەروەها دەزانن یاسا سەروەرە چونكە لە ووڵاتێكی دیموكراسیدا دەژین .
بەڵام ئەوەی لە دادگای هەولێردا ڕوویدا ئەوەیە كە دادوەر بڕیاری بەدەست نەبووە و تەنها لە بەر مانەوەی لە پۆستەكەی و پارێزراوی ژیانی خۆی و خێزانی چاوی لە ئاست راستیەكاندا نوقاند و  گوێی لە گریانی ئەو منداڵە نەگرت كە دەنگی گەیشتە عەرشی پەروەردگار و دەریاچەیەك لە فرمێسكی بۆ باوكی بێتاوانی ڕشت.
دادوەر بڕیارەكەی وەك بێژەرێكی هەواڵ خوێندەوە، بەمەش بۆمان دەردەكەوێت كە دەسەڵاتی یاسایی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان بێلایەن نیە و بریارەكانیشی سەربەخۆ نین. ئەمەش پێمان دەڵێت دیموكراسی تەنها بە هەڵكردنی دروشمەكەی نیە بەڵكو لە جێبەجێكردنیایەتی.

تەها ئالان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11636 - 27500

سەرەوە