کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

جینۆسایدی ئەرمەنییەكان و ھۆڵەندا

.

02:29 PM - 09/02/2021

جینۆسایدی ئەرمەنییەكان و ھۆڵەندا

بەختیار بەكر _ نوێنەری یەكێتی لەھۆڵەندا

پەرلەمانی ھۆڵەندا داوا لە حكومەتی كاربەڕێكەری وڵاتەكەی دەكات، جینۆسایدی ئەرمەنییەكان بناسێنێ.
ھۆڵەندا تا ئێستا، جینۆ سایدی ئەرمەنیەكانی، لە دۆكۆمێنت و لێدوانە فەرمییەكانی دەوڵەتدا وەكو (قەزیەی جینۆسایدی ئەرمەنییەكان) ناودەبات.
لە ئێستادا زۆرینەی پەرلەمان ئەمەی ئیتر قبوڵ نییە و داوا دەكات جینۆسایدەكە بناسێندرێت بە فەرمی و لێرە بەدواوە تەنھا وەكو (جینۆسایدی ئەرمەنییەكان) ناوببرێت و ھیچ وشە و دەستەواژەی تری پێوە نەنوسێندرێت.
لەسەر پێداگری یەكێك لە بچووكترین فڕاكسیۆنی پەرلەمان (یەكگرتووی كرستیانی) بە پێنج كورسییەوە، لە كۆی ١٥٠ كورسی پەرلەمانی، لە ئێستادا زۆرینەیەكی پەرلەمانی لەھەردوو بەرەی چەپ و ڕاست و بگرە توندڕەوەكانیش، پێكھاتووە و ڕۆژی پێنج شەمە ١١ی مانگ، ئەگەری زۆر ھەیە، حكومەتی ھۆڵەندا، ناچار بكەن جینۆسایدی ئەرمەنی وەكو خۆی بناسێنێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.
...
جینۆسایدی ئەرمەنییەكان
لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩١٧ ئەنجام دراوە و زیاتر لە ملیۆنێك بۆ ملیۆن و نیو، لە خەڵكی بێ تاوان، بوونەتە قوربانی دەستی عوسمانییەكانی ئەوسا و توركیای ئێستا، زۆرێك لە توركەكان، نەك ھەر دانی پیانانێن، بگرە، پێیان وایە ئەم ڕووداوە بێ بوونە.

كورد و جینۆساید ...
كوردستانیان بەگشتی و حكومەت و ھێزە سیاسیە كوردی و كوردستانییەكان، دەكرێت، بۆ ئایندە، باشتر لە پێشووتر، كار لەسەر پڕۆسەی ئەنفال و ھەڵەبجە و قەتل و عامی كوردانی یەزیدی و تەواوی تاوەنەكانی تری دژ بە گەلەكەمان بكەن.
كاركردن بۆ ناساندنیان وەكو جینۆساید. ئەم كارە پرۆژەی درێژخایەنی پێویستە. بۆ ئەم قۆناغە، گرنگە، كارەساتەكان بە نیشتیمانی بكرێن. مێژوو نەشێوێندرێت و بە كەمتەرخەمییەكانیشەوە تۆماربكرێن. دۆستایەتیمان لەگەڵ پارت و ڕێكخراوە جیھانییەكان لە بچووكەكانیانەوە كە بێ كاریگەر نین تا گەورەكانیان باشتر بكەین.

گرنگیدانی زیاتر ...
ڕێزی زیاتر لە پارتێك بگرین كە تەنھا كورسییەكی پەرلەمانی ھەیە، لە دونیای یەكسانی و ژینگەی دیموكراسیدا ژمارە پێوەر نییە بۆ كاریگەر بوون. بەدەر لەم نمونەیەی سەرەوە، كە دەبینین، جینۆسایدی ئەرمەنییەكان لەسەر دەستی یەكێك لە بچوكترین پارتی سیاسی ھۆڵەندی، وا خەریكە دەناسێندرێت، دەتوانین دەیان نمونەی تر بھێنینەوە. بۆیە كاتیەتی بابەتی بین و دووركەوینەوە لە تیر و توانج و ڕاپۆرتی دژ بەیەكتر.
بۆ زانیاری خوێنەری بەرێز، یوێڵ فۆڕدەڤیند بە نوێنەرایەتی پارتەكەی، ئەم كەیسەی جوڵاندوە و زۆرینەی پەرلەمانی بۆ كۆكردۆتەوە، ئەم زاتە بەڕێزە، دۆستێكی دێرین و دڵسۆزی كوردیشە و چەند جارێكیش سەردانی كوردستانی كردوە. بەڵام بەداخەوە پەرتەوازەیی نێوماڵی كوردی و بێ بەرنامەیی حكومەت، دۆستەكانیشمانی ساردكردۆتەوە و دەرئەنجام دۆسییە گرنگەكان بێ ناز كەوتوون و ئازاری شەھیدبوونی قوربانیانیش وەكو خۆیەتی.

وێنە/ مەونومێنتی قوربانیانی جینۆسایدەکە لە ئەریڤانی پایتەختی ئەرمەینیا

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە