کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

چیرۆكی ئەو کچەی چۆکی بە شێرپەنجە دادا

.

07:10 PM - 06/02/2021

من سۆزیار عمر، لە ۱٥/۸/۱۹۹٥ لە شارە ئازیزەکەی سلێمانی لەدایک بووم. خۆێندنم لە زانکۆی ڕاپەڕین بەشی زمانی ئینگلیزی لە شارە شیرینەکەی قەڵادزێ تەواو کردوە، لە ئێستادا وەک هەموو هاوتەمەنەکانم لە کەرتی تایبەت مامۆستام.
سێ ساڵە هاوسەرگیریم کردووە، ساڵێک بەرلە ئێستا پاش دروستبوونی گرێیەک لە مەمکم و عەمەلیاتکردنی دەرکەوت کە شێرپەنجەی مەمکم هەیە، سوپاس بۆخوا پاش دوو عەمەلیات و چەندین جەلسەی کیمیایی و تیشک و چەندین ناخۆشی و سەختی لە ماوەی ئەو ساڵەدا سوپاس بۆ خوا ئێستا باشم و چەن عیلاجێکی کەمم ماوە.
من بەهێز بووم، کە زانیم نەخۆشم سوپاسی خوام کرد، چونکە هەموو نەخۆشییەک لای ئەو دێت و چارەسەریش هەر لایەخۆیەتی. ( تەنها شت کە بیرم لێ ئەکردەوە ئەوەبوو کە چۆن بە دایکم بڵێم) ساڵێکی پر لە سەختی و ناخۆشی بوو بەڵام لە پێکەنینی نەخستم، ماڵەکەمم نەکردە تەعزییە و لە كارەکەم و ژیانی ئاسایی خۆم بەردەوامبووم. (تەنانەت بە باشترین مامۆستای ساڵ دیاریکرام).
سوپاسی دایکم و هاوسەرەکەم و هەموو هاوڕێ و ئەندامانی خێزانەکەم و هەموو کەسە نزیک و دوورەکان ئەکەم، چونکە هەمیشە ئەوەی توانیبێتیان بە زیادەوە بۆیان کردوم.
 سوپاسی خوێندکارە ئازیزەکانم ئەکەم کە هەمیشە پاڵپشتیان کردووم خەمخۆرمبوون هەمووتانم زۆر خۆشەوێت، سوپاس بۆ ئەو خۆێندنگایەی کە مامۆستا بووم لێی.
مەبەستم لە باسکردنی ئەم چیرۆکە ئەوەبوو کە شێرپەنجە ئەو وەحشە نیە کە خەڵک لێی ئەترسێ، ڕاستە زۆر قورسە زۆر بە ئازارە زۆر ناخۆشە، بەڵام تێ ئەپەڕێت، ئاگاداری خۆتانبن هەمیشە پشکنینەکانتان لەکاتی خۆیا بکەن و نەخۆشیەکانتان ئیهمال مەکەن، خانمانی ئازیز پشکنینی مەمک زۆر گرنگە تکایە پشت گوێی مەخەن گرنگنیە تەمەنت چەنە من تەنها ۲٤ ساڵ بووم نەخۆش هەیە لە منیش گەنجترە. ئەو نەخۆشیە تا زووتر پێی بزانیت ئاسانتر چارەسەر ئەکرێن، کە پێیان وتی شێرپەنجەت هەیە کۆتایی دنیا نیە، وەک هەموو نەخۆشییەکی تر ئەچیتە نەخۆشخانە و چارەسەر وەرەگری، ڕاستە چارەسەرەکان زۆر سەختن (من تا ئێستاش ئازارەکەی لە جەستەما ماوە) بەڵام هەرگیز لەبیریمەکە تا بەهێز بیت ئاسانتر تێئەپەڕێ. خوای گەورە شیفا دەنێرێ.
Halgord قام بالإرسال الیوم، الساعە 6:52 م

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە