کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بۆردوومانی شێنێ

.

06:37 PM - 02/02/2021

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بەداخەوە كە سیاسەتی درێژەپێدانی شەڕ و بۆردومان ‌و پەلاماردانی خەڵكی سڤیل بەردەوامە، لەدرێژەی ئەو سیاسەتە شەڕەنگێزییەشدا، ئەمڕۆ بە بەرچاوی دنیاوە، گوندی شێنێی ناوچەی پشدەر، لەدووكاتی جیاواز و لەرێی فڕۆكەكانی دەوڵەتی توركیاوە كەوتەبەر شاڵاوی بۆردومان ‌و پەلاماردان، ئەو سنووربەزاندن ‌و بێ رێزییە لەبەرامبەر سەروەری دەوڵەتی عێراق‌ و هەرێمی كوردستان هیچی تێدا نەهێشتۆتەوەو گەواهی ئەوەش دەدات كە لەسایەی دابەشبوون ‌و رادەستبوون بەئەجێندای هەرێمییەوە، خاكی كوردستان بۆتە شوێنی تەراتێنی سەرباز و سوپای وڵاتان‌ و ئاسمانەكەشی هەر رۆژە لەلایەن دەوڵەتێكی ناوچەكەوە دەبەزێنرێت.

ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر "شێنێ" روویداو ماوەماوەش لەبەرامبەر ناوچەكانی تری باشووری كوردستان دووبارەدەبێتەوە، ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هەم دەوڵەتی عێراق لەبەرامبەر لەشكركێشی هەرێمیی سەروەریی خۆی لەدەستداوەو هەمیش هەرێمی كوردستان لەبری ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەمەترسی بە ئامانجگرتنی ناوچەی نیشتەجێبوون و ئاوەدانی ئاگادار بكاتەوە، وەك تەماشاكار لەو رووداوە مەترسیدارانە دەڕوانێ‌ و تەنانەت بە بەیاننامەیەكیش زاتی ئیدانەكردنی ئەو پێشێلكارییانە ناكات.

مێژوو سەلماندوویەتی كە رێگای شەڕو بۆردومان دژی نەتەوەی كورد تاقیكراوەتەوە و هەر بێهودەیە، هەموو بۆردومانێك، ژمارەی تاوان و تاوانباران زیاد و رۆحییەتی نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازیش بەهێزتر دەكات.

لەكاتێكدا بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە ‌و بەئامانجگرتنی گوندی سەربەرزی "شێنێ" دەكەم، داواش لە هێز و لایەنە سیاسییەكان‌ و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم لەپێناو شكۆو كەرامەتی نەتەوەییمان فشارێك لەسەر دەوڵەتی توركیا دروست بكەن تا چیتر ئەوە دووبارە نەبێتەوە، چونكە ئەوكات رووداوی كارەساتبارتر و چاوەڕواننەكراو تر، بەرۆكمان دەگرێتەوە.


٢-٢-٢٠٢١

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە