کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

نموونەی جوانی خاڵی هاوبەش و جیاوازەكانی تێكۆشەرانی یەكێتی

.

10:35 PM - 29/01/2021

بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی كاك ئارام و كۆچی دوایی كاك عومەر دەبابەوە
نموونەی جوانی خاڵی هاوبەش و جیاوازەكانی تێكۆشەرانی یەكێتی

ئاوات كۆكەیی

تێكۆشان بۆخۆی پڕۆسەیەكی قورسە، وزەو بیرو سەلیقەی وردی دەوێ، جا ئەو ئامانجەكە گشتی بێت یاخود كەسی، پێویستی بە میتۆدێكی وا هەیە كەسی ئامانجدار بزانێت چۆن وزەی بیرو جەستەی بەگەڕ بخات بۆ وەدیهێنانی.
بایەخی ئامانجەكانی دیكە هەر چییەك بێ ناگاتە بایەخ و گرنگیی ئامانجە نیشتمانیی و نەتەوەییەكان، چونكە ئەگەر نەتەوە سەرفراز و خاكیش ئازاد بێت، ئەوا باقی ئەوانی دی، بەدەستهێنانیان ئاسانە و لە خراپترین بارودۆخدا ناگاتە تێكۆشانێكی خوێناوی.
ئەو مرۆڤانەی كە خاوەن بیركردنەوەی قووڵ و هۆشیاری قۆناغەكەن، بە تێگەیشتنی ورد و حسابكردنیان بۆ هەمووشتێك، بە باوەڕ و هیوای تەواویان لە گەیشتنیان بە ئامانجەكە، دێن و لەگەڵ ئەوانی دیكەدا، تەواوی جیاوازییەكان لە یەك فۆرمدا یەكدەخەن و تێدەكۆشن، ئەمەش بەو كەسانە دەكرێت كە رەگ و خەسڵەتی كاریزماییان هەیە.
كورد لە مێژە لە پێناوی ئامانجی رەوای نیشتمانی و نەتەوەیی خەبات دەكات، لەو پێناوەشدا چەندینجار و لە چەند قۆناغێكی جیاوازدا كوورەی شۆڕشی بۆ جۆشداوە، لە هەندێك وێستگەی ئەو تێكۆشانەدا كەسانێك هەبوون، بیرو بۆچوونیان، تێڕوانین و دنیابینیان بۆ بەدیهاتنی ئەو ئامانجە پیرۆزە چەندیش لەیەك دووربووبێت، بەڵام دواجار لە سەر یەك هێڵ هاوتەریب بووە و  بەرەو یەك ئاسۆ، یەك دەست رێی گەیشتنیان گرتۆتە بەر.
لە تیشك خستنە سەر ئەو باسەدا، نمونەی هەرە زیندوو و جوان، هەر یەك لە تێكۆشەرانی رابەر و رێنوێن و كاریگەر، كاك عومەر مستەفا ( دەبابە) و كاك شاسوار جەلال سەعید (ئارام)ن.
ئەم دوو زاتە كە هەردووكیان دوو سەركردە و تێكۆشەری گرنگ و كاریگەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشی نوێن، زۆرینەی هەرە زۆری بۆچوون و كار و ئاكاری تێكۆشان و دیگای سیاسیان و روودوای ژیانیان، جیاواز و دوور لە یەكتری بووە، بەڵام كاتێك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروستدەبێت و كاروانی تێكۆشان لە پێناوی ئامانجە پیرۆزەكەی نیشتمان، ئامانجی رزگاریی و سەرفرازی دەخاتە گەڕ، هەردوو جوامێر، وەك دوو منەوەری ئەو كاروانە، دەبنە هاوخەبات و هاوسەنگەر و دواجار رۆڵ و قورسایی زۆریان دەبێت لە سەرپێكەوتنی شۆڕشەكە و پاشان گەشەكردنی.
كە یەكێتی دامەزراوە، تەمەنی كۆچكردوو عومەر دەبابە 52 ساڵ بووە، شەهید ئارامیش 28 ساڵ بووە.
كاك عومەر لە ساڵانی چلەكاندا تێكەڵاوی كاروانی تێكۆشان بووە و یاساناس بووە، هەڵگری بیری نەتەوەیی بووە.
شەهید ئارام لە ساڵانی شەستەكان تێكەڵاوی كاروانی تیكۆشان بووە و رۆژنامەنووس بووە، خاون بیری چەپ بووە.
كاك عومەر سەركردەیەكی دیارو ناسراو، سەركردەیەكی مەیدانی و سیاسیی پارتی بووە و كاك ئارامیش كاردێكی رێكخراوی قوتابیانی ئەو حزبە بووە و ناسراو نەبووە.
بەڵام كە یەكێتی شۆڕشی نوێ هەڵدەگیرسێنێت، كاك عومەر دەبابە كە پێشتر  سەكردەیەكی بەناوبانگی پارتی و شۆڕشی ئەیلول بووە، بەشدار دەبێت لە دامەزراندنی بزووتنەوەی سۆسیالیست و رۆڵی گرنگ و بنەڕەتی دەگێڕێ لە بوونی بزووتنەوە بە باڵێكی یەكێتی و شۆڕشە تازەكە.
كاك ئارامیش وەك كادرێكی نەناسراوی پارتی و وەك كەسێكی خۆ پەروەردەكردو بە بیری چەپ لە زەمەنی پارتیبوونیدا، وەك كەسێكی ئاگادار لە سەرەتاكانی دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، لە سەرەتای خۆ ئیعلانكردنی یەكێتی ئامادەیی تەواوی دەبێت و لە سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێش، وەك سكرتێری دیفاكتۆی كۆمەڵە، رۆڵی بەهێزكردنی شۆڕشەكە دەگێڕێت.
هەردوو جوامێر كاك ئارام وكاك عومەر، بە دوو رێكخستنی جیاواز و دوو ئایدیا و بۆچوونی جیاوازی سیاسییەوە، بە زۆر جیاوازیی تریشەوە، روەك دوو تێكۆشەری راستەقینە و وەك دوو كەسایەتی بە سەنگ، وەك دوو تێكۆشەری راستەقینە، لە خاڵێكی هاوبەشدا یەكدەگرنەوە كە ئەویش خەباتكردن بووە لە ژێر سایەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشە نوێیەكەیدا، كە خاوەن پڕۆژەی رزگاریی نیشتمانی و سەرفرازیی نەتەوەیی و ئازادیی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بووە.
رۆڵی هەردوو سەركردە كاك ئارام و كاك عومەر دیار و درەوشاوەیە لە گەشەكردنی یەكێتی و شۆڕشی نوێدا.
كاك ئارام، كۆمەڵەی لە بێ سەركردەیی و ترازانەوە خستەوە ژێر باڵی سەركردایەتییەكی كارا و رێكی خستەوە، هاوكات بووە فیگەرێكی ئێجگار كاریگەیش لە سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ و رەوانەكردنی مەفرەزەی چەكدار بۆ شاخەكان.
كاك عومەریش لە بەهێزكردنی یەكێتی و شۆڕشی نوێدا بە رۆڵگێڕانی لە چوونی بزووتنەوەی سۆسیالیستی بۆ ناو یەكێتی دەورێكی كەم وێنە و نیشتمانیانەی گێڕا، پاشان لە قەیرانی چوونە دەرەوەی بزووتنەوە لە یەكێتی، رۆڵە مێژووییە بێوێنەكەی خۆی گێڕا لە مانەوەی خۆی و بەشێكی زۆری هەڤاڵانی ئەو بزووتنەوەیە لە یەكێتیدا و هاوكات سەر لە نوێ دامەزراندنەوەی بزووتنەوە بە خوێنی تازە، پاشانیش بە بەشداریكردنیشی لە دروستكردنی یەكێتیی شۆڕشگێڕانی كوردستان وەك باڵێكی كاریگەری ناو یەكێتی.
ئەم دووجوامێرە، سەرەڕای جیاوازییەكانیان، وەك دوو هاوخەبات و دوو سەركردەی یەك رێباز، وەك دوو كەسایەتیی كاریزمی و قسە رۆیشتووی نێو تێكۆشەران، خاوەن رۆڵ و نەقشی تۆخن لە گەشەكردنی یەكێتیدا، لە سەركەوتنەكانی شۆڕشی نوێ، لە دەستكەوت و شانازییەكانی كاروانی خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستاندا.
كاك ئارام و كاك عومەر دوو كەسێتی جوانی ئاوێتەی خاڵە هاوبەش و جیاوازەكانی كاوانی خەباتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن، ئەوەتا 12 ساڵ جیاوازی لە دنیا دەرچوونیانە، (كاك ئارام لە رۆژی 31/1/1978 بەدەستی جاش شەهیدكرا و كاك عومەر لە 29/1/1992 لەناو هۆڵی یەكەم كۆنگرەی ی.ن.ك كتوپڕ كۆچی دوایی كرد)، بەڵام هەردووكیان لە كۆتایی مانگی یەك دا چوونەوە ئامێزی دایكی نیشتمان.
رۆحیان شادو رێبازیان روون.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە