کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە 2020 دا یەك ملیۆن بارهەڵگر لە ئیبراهیم خەلیلەوە هاتووچۆیان كردوە

.

05:21 PM - 27/01/2021

وەزیری بازرگانی توركیا ئاشكرای دەكات، لە ساڵی رابردوودا یەك ملیۆن‌و 90 هەزار بارهەڵگر لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە هاتووچۆیان كردوە.
ڕوهسار پەكجان وەزیری بازرگانی توركیا رایگەیاند: سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌و گرتنەبەری رێكاری توند لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، بەڵام لەساڵی 2020دا هیچ خاوبوونەوەیەك لە جموجۆڵی بازرگانی، لە دەروازە سنورییەكانی توركیا ڕووینەداوە‌و زیاتر لە 3 ملیۆن‌و 400 ملیۆن بارهەڵگری بازرگانی لە دەروازەكانی توركیاوە هاتووچۆیان كردوە.
وتیشی: زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە ئەنجام دراوە،  بەجۆرێك لەو ساڵەدا ملیۆنێك‌و 90 هەزار بارهەڵگر هاتووچۆیان كردوە.
لەدوای ئەویش دەروازەی سنووریی (قابی قولە) لەگەڵ بولگاریا بە پلەی دووەم هاتووە‌و 704 هەزار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاتووچۆیان لێوەكردوە، هەروەها دەروازەی (سارب) لەگەڵ جۆرجیا بە پلەی سێهەم هاتووە‌و 315 هەزار بارهەڵگر كاڵا‌و شمەكیان لێوە گواستۆتەوە.
توركیا خاوەنی 203 دەروازە‌و مەرزی سنورییە، كە 30 دانەیان دەروازەی وشكانین، هەشتیان تایبەتن بە هێڵی ئاسنین، 101 دەروازەیان دەریایین‌و 64-یان ئاسمانین، كە لەلایەن 151 بەڕێوەبەرایەتی گومرگییەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە