کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

چیرۆكەكانی ئەرابخا چاپ و بڵاوكرایەوە

.

01:30 PM - 25/01/2021

(چیرۆكەكانی ئەرابخا) چاپ و بڵاوكرایەوە
(چیرۆكەكانی ئەرابخا) كتێبیكی نوێی نووسەر و رۆژنامەنوس (گۆران فەتحی)یە، كە لە زمانی عەرەبیەوە وەریگێراوەتە سەر زمانی كوردی، كتێبەكە (18) كورتەچیرۆك لەخۆدەگرێت، كە پێشتر دكتۆر تۆفیق ئاڵتوونچیی بە زمانی عەرەبی و لە وڵاتی سوید چاپ و بڵاویكردۆتەوە..
كتێبەكە، باس لە رووداوگەل و بەسەرهاتی نێو كۆمەڵگەی كەركوك دەكات لە مێژوودا، هەرچەند كارەكتەرەكانی نێو چیرۆكەكان سەر بە نەتەوە و ئاین و ئاینزا جیاجیاكانی كەركوكن و كەسانی راستەقینەشی تێدایە، ئەمە چ جای ئەوەی شوێنی رووداوەكان كوچەو كۆڵانەكانی شار و شارۆچكەكانی دەوروبەری كەركوكە،  بەڵام چیرۆكەكان بەگشتی لەلایەن نووسەرەوە تێكەڵ بەخەیاڵیش كراوە..
گۆران فەتحی لەپێشەكی چاپی كوردی كتێبەكەدا دەڵێت، ئەم كتێبەی دكتۆر تۆفیق ئاڵتوونچی، نووسەر و ئەكادیمیستی دوورە وڵات، لە كۆمەڵێك كورتە چیرۆك پێكدێت، لە بارەی بەسەرهات و روداوەكانی كەركوك لە مێژوودا، كە تا ئێستاش لەسەر زاری خەڵكی شارەكەیە و نەوە دوای نەوە بۆ یەكی دەگێڕنەوە.
هەروەها دەڵێت، زۆرێك لە بابەت و نووسین و كتێبەكانی ئاڵتوونچی تەرخان كراون بۆ نزیككردنەوە و دۆستایەتی و پێكەوەژیانی دانیشتوانی كەركوك، لێرەشدا و لەم چیرۆكانەدا نووسەر باس لە پێكەوە ژیانی خەڵكی شارەكە بە نەتەوەو پێكهاتە جیاوازییەكانیەوە دەكات.
روونیشیدەكاتەوە و دەڵێـت، چیرۆكەكان دەمانگێرنەوە بۆ رابردوو و ژیان و بە سەرهاتی خەڵكی لە ناو گەڕەك و كۆڵان و بازاڕەكانی كەركوك، باس لەدۆستایەتی كورد و عەرەب و توركمان و  موسوڵمانی سوننەو شیعە و هەروەها مەسیحی و جوولەكەش دەكەن.
دكتۆر تۆفیق ئاڵـتوونچی لای خۆیەوەو لەپێشەكییەكەیدا بۆ چاپی كوردی كتێبەكە دەڵێـت، چیرۆكەكانی ئەم كتێبە ژیانی ئەو نەتەوەو گەلانە باس دەكات كە لە ناو كەركوك دا ژیانیان بەسەربردووەو خوێنیان تێكەڵ بەیەك بووە، وەكو ئاوێتەبوونێكی شارستانی كە دواجار چەندین بیرمەندو شاعیر و نووسەری تێدا پەیدابوو، كە بە زمانی نەتەوەكانی شارەكە نووسیویانەو باسی هیوای هاوبەشی خەڵكی شارەكەیان كردووە بۆ پێكەوژیان و لەنێو كۆمەڵگەیەكی لێبوردەی كراوەدا.
چیرۆكەكانی ئەرابخا،  لەسەر ئەركی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری،  لەناوەندی سارا چاپكراوە، لەئێستاشدا لە بەشێك لە كتێبخانەكانی سلیمانی و كەركوك دەستدەكەوێت..


گۆران فەتحی
 لە دایكبووی ساڵی 1972
نووسەر و رۆژنامەنووس و شێوەكارە..

خاوەنی دوو كتێبە بەم ناوانە:
1- (شاری كەركووك- بەشێك لەمێژووی مزگەوت، خانەقا، زاناو پیاوە ئاینییە ناودارەكانی) كە ساڵی 2012 لەلایەن ئنستیتیوتی كەلەپووری كورد لە سلێمانی چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
2- (الایزدیون قرابین كردستان) كە ساڵی 2014 لەلایەن دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان لەسلێمانی چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
لە ساڵی 1997ەوە وەكو نووسەر و رۆژنامەنووس لەچەندین دەزگاو كەناڵی راگەیاندن كاری كردووە و دەیان بابەت‌و لێكۆڵینەوە و وەرگیڕانی لە رۆژنامە گۆڤارو سایتە ئەڵكترۆنیەكان بە كوردی و عەرەبی بڵاوكردۆتەوە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە