کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

تەحەدییەكی تری بەردەم كازمی

.

03:40 PM - 22/01/2021

تەحەدییەكی تری بەردەم كازمی
هەڵگورد جەلال
لەو كاتەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراقی  پێ سپێردراوە، مستەفا كازمی كەمتر لەجاران چاوی لەسەر دۆسیە ئەمنییەكانی عیراقەو زۆرتر سەرقاڵی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی ، بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، چارەسەركردنی كێشەی كورتهێنانی بودجە، ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئیدارەدانی فشارەكانی ئەمریكاو ئێرانە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە (كازمی) لەپۆستێكی ئەمنی باڵای عیراقەوە، ئیمزای سەرۆك وەزیرانی وڵاتێكی پڕلەقەیران و كێشمە كێشمی سیاسی و ئەمنی و دارایی و یاسایی پێ سپێردرا.
ناكۆكییەكانی كازمی و هەندێك لەمیلیشیاو سەركردەی گروپە چەكدارییەكان، لەسەر رادەستكردنی چەكەكانیان بەحكومەت، هاوتەریب لەگەڵ كێشەو قەیرانەكانی تری عیراق، دۆسیەیەكی ئامادەی سەر مێزەكەی كازمی بوون، خوێندنەوەكانیش بەو ئاراستەیەبوون، كە (كازمی) توانای كۆنترۆڵكردنی دۆسیەی ئەمنی و پەراوێزخستنی ئەو سەركردە میلیشیایانەو لەقاڵبدانی میلیشیاكانیشی هەیە، مانۆڕەكەی نیوەشەوێكی بەغداو سەردانە كتوپڕەكانی بۆ میحوەرەكان و خاڵەكانی پشكنین، كەمبوونەوەی پەلامارە تیرۆریستییەكان و تەقینەوەكان، وا لێكدرانەوە، ئیتر عیراق گەیشتە كەناری ئارامی و دۆسیەی ئەمنی وڵات تائاستێكی باش لەدەستە ئەمنیەكەی كازمیدایە.  
دووتەقینەوەكەی دوێنێی بەغدا، پێمان دەڵێت، عیراق نەك نەگەیشتۆتە كەناری ئارامی، بەڵكو تازە لەسەرەتاكانی تەقینەوەیەكی گەورەدایە، پەلامارەكانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا، بەو مانایەیە هێشتا دۆسیەی ئەمنی عیراق لەلایەن گروپە چەكداری و میلیشیاكانی دۆستی ئێرانەوە، مایەی هەڕەشەیەو تواناو هەژمونەكانی كازمی، نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی، بەرەنگاری جوڵەی ئەو میلیشیایانە ببنەوە.
بەراورد، بەرابردوو، دۆخی ئەمنی  عیراق ئارامترە، بەڵام هێشتا كۆنترۆڵكراونیە و شێواوو ناجێگیرە، دەبێت سەركردەكانی عیراق، بزانن لەیارییەكەیاندا، لەپێناو پاراستنی پادشادا، هەموو سەربازەكانیان نەكەنە قوربانی و مەترسی بۆسەر قەڵا دروست نەكەن، بەڵكو وردترو ژیرانەتر نەخشەی یارییەكە دابڕێژن و نیشتمانیانیانە بیر لەسەركەوتن بكەنەوە، نەك بەدوای پاڵەوانی كاتی و براوەی كاتی و حزبی و كەسیدابن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە