کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەكێتی پرۆژەی لامەركەزیی ئیداری و دارایی بڵاوكردەوە

.

02:53 PM - 18/01/2021

پەیڕەوی نا ناوەندێتی بەڕێوەبردن و دارایی لەهەرێمی کوردستان – عێراق

پاڵپشت بە بڕگەی ( ٣ ) لەمادەی ( هەشتەم ) لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( ٣ )ی ساڵی ١٩٩٢ هەموارکراو، و ئاماژە بە ئاستی کارگێڕی هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و پشت بەستن بەیاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە ( ٣ ) ساڵی ٢٠٠٩، و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە ( ٤ )ی ساڵی ٢٠٠٩، و یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ژمارە ( ١ )ی ساڵی ٢٠١٥، و بڕیاری پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە پاڵاوتن و پەسەندکردنی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان ژمارە ( ١ )ی ساڵی ٢٠١٥، و پشتبەستن بە ئەحکامی مادەکای ( دووەم ) و ( پێنجەم ) و ( شەشەم ) لەیاسای ژمارە ( ٣ )ی ساڵی ٢٠٠٩، و بەمەبەستی ڕێکخستنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و کارگێڕییان لەهەرێمدا و پەرەپێدانیان، و لەپێناو بەدیهێنانی پرەنسیبی ناسەنتەرت لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەمەبەستی ئاسانکاری و چاککردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بە هاوڵاتییان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی دانیشتوانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و شایستەبوون، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە (   ) لە ڕۆژی (    /     /٢٠٢٠ ) ئەم پەیڕەوەی خوارەوەی دەرکرد :

مەبەست لە ناناوەندێتی بەڕێوەبردن و ئامانجەکانی

مادەی یەکەم /

بۆ مەبەستەکانی ئەم پەیڕەوە ( ناناوەندێتی بەڕێوەبردن ) بریتییە لەدابەشکردن و دابەزاندنی دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایی و تەکنیکی و یاساییەکان لەنێوان حکومەتە خۆجێیەکان و دامەزراوە ناوەندییەکان لە هەرێمی کوردستان .

مادەی دووەم /

ئامانجەکانی ئەم پەیڕەوە بریتین لەمانەی خوارەوە :

1- چەسپاندنی لامەرکەزییەتی ئیداریی پارێزگاکان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی.

2- نەهێشتنی ڕۆتین و خێرا ڕاپەڕاندنی کاری هاوڵاتییان .

3- زامنکردنی دابەزاندن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایی وتەکنیکی و یاساییەکان لە وەزارەت و دەستە و دەزگا و ئەنجومەنە ناوەندییەکان بۆ فەرمانگەکان و سنوری پارێزگاکان و یەکە کارگێڕییەکان .

4- زامنکردنی دابەشکردنی داهاتە گشتییەکان لەهەرێم لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و شایستەبوون .

مادەی سێیەم /

1- دابەشکردن و دابەزاندنی ئەو دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایی و تەکنیکی و یاساییانەی لەخشتەی هاوپێچی ئەم پەیڕەوە هاتوون بە پارێزگار کە لانی کەم دەسەڵاتەکانە و دەکرێت دەسەڵاتی زیاتر لەوانەش دابەزێندرێت .

2- پێویستە لەسەر پارێزگار بەشێک لەدەسەڵاتەکانی هاتوو لەبڕگەی ( ١ )ی سەرەوە دابەزێنێت بۆ سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان.

3- خشتەی هاوپێچکراوی ئەم پەیڕەوە هەمان ‌هێزی پاپەندکاری پەیڕەوەکەی هەیە.

مادەی چوارەم /

یەکەم : داهاتەکان 

تۆمارکردنی سەرجەم داهاتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەجیا لە ئەژمارێکی بانکی تایبەت بە پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ کە لەم سەرچاوانەی خوارەوە بەدەستدێت:

1- داهاتە نانەوتی و گازییەکان .

1- باجەکان .

2- گومرکەکان .

3- رسومات .

4- داهاتە جۆربەجۆرەکانی خزمەتگوزاری دەروازە سنوورییەکان .

5- داهاتی بەکرێدان و موساتەحە و فڕۆشتن و ڕەفتارکردن بە موڵک و ماڵی گشتی گواستراوە و نەگواستراوە .

6- سزا داراییەکان ( غرامات )

2- بەخشین و هاوکاریی و پیتاکی بەخشراو .

3- بەشە بودجەی پارێزگا لە بودجەی گشتی ساڵانەی عێراقی فیدڕاڵ .

دووەم /

 هەموو قۆناغەکان و چالاکییەکانی پەیوەست بە پرۆسەکانی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ پارێزگا، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ ئامادەی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباەی نەوت و گاز دەبێت لەکاتی گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەر ئەو قۆناغ و چالاکییەی دەکەوێتە سنوری جوگرافیاکەی و بەپێی تایبەتمەندیتی بۆ زامنکردنی بەشداری لەبڕیاردان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی و پاراستنی بەرژەوەندی دانیشتوانەکەی .

مادەی پێنجەم / 

خەرجیەکان

لەدوای داشکاندنی بڕێک لەداهاتی ناوخۆی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کەبەدەستدەهێنرێن لە سەرچاوەکانی هاتوو لەمادەی ( چوارەم )ی ئەم پەیڕەوە، بۆ مەبەستی بەشداری لەخەرجییەکانی بەکاربردنی دامودەزگا ناوەندییەکانی سەر ئاستی هەرێم و تەواوکاریی تەرخانکراوی سەرباری بۆ مووچە و خەرجییەکانی کارەبا بەپێی ڕێژەی دانیشتوانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ و بەپێی ڕێککەوتن، ئەوا پارێزگا  و ئیدارەی سەربەخۆ دەسەڵاتی خەرجکردنی ئەمانەی لای خوارەوەی دەبێت لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییە داراییەکان دوای داڕشتنەوەی ئەو ڕێنماییە داراییانەی بەجۆرێک لەگەڵ ئەحکامەکانی ئەم پەیڕەوە بگونجێت :

1- خەرجکردنی بودجەی بەکاربردنی پەسەندکراوە ( جگە لەمووچە ) لەسنوری پارێزگا .

2- خەرجکردنی بوودجەی وەبەرهێنان بە پەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا .

مادەی شەشەم /

1- بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم پەیڕەوە ئەنجومەنێک پێکدێت بەناوی ( ئەنجومەنی هەماهەنگی لەگەڵا حکومەتە خۆجێتییەکان ) بەسەرۆکایەتی ( سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ) و جێگرایەتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، و ئەندامێتی هەریەک لە ( وەزیری دارایی و ئابووری ، وەزیری سامانەسروشتییەکان ، وەزیری ناوخۆ ، وەزیری پلاندانان ، سەرۆکی دیوان ، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ، پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ) کە دواتر بە پەیڕەوێکی ناوخۆیی وردەکاری ئەم ئەنجومەنە ڕێكدەخرێت .

2- ئەم ئەنجومەنە کاردەکات بۆ :

1- چۆنیەتی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان.

2- چاودێری جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکان لە پارێزگاکاندا .

مادەی حەوتەم /

لەکاتی دروستبوونی هەر دۆخێکی نەخوازراو کە ببێتە هۆی ئەوەی بودجەی ساڵانە پەسەند نەکرێت لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، ئەوا ئەو پارێزگایە پڕۆژە بودجەکەیان بەرکار دەبێت .

مادەی هەشتەم /

پارێزگار دەسەڵاتی دەرکردنی ڕێنمایی هەیە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکان .

 مادەی نۆیەم /

لەکاتی دەرکردنی هەر پەیڕەو و بڕیارێک لە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری هەبێت لەسەر بڕگە و مادەکانی ئەم پەیڕەوە، دەبێت ڕەزامەندی پارێزگاکە وەربگرێت .

 مادەی دەیەم /

کار بەهیچ پەیڕەو و بڕیار و ڕێنماییەک ناکرێ بە پێچەوانەی بڕگە و مادەکانی ئەم پەیڕەوە بێت .

مادەی یانزەیەم /

 ئەم پەیڕەوە جێبەجێ دەکرێت لەڕۆژی پەسەندکردنییەوه

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە